Abdulhameed Husseın Karam
06 تشرینی یەکەم 2023•نوێکردنەوە: 09 تشرینی یەکەم 2023
دھۆک - AA
جەژنی جەما بە واتای کۆبوونەوە دێت و لە شەشی مانگی تشرینی یەکەم دەستپێدەکات و ماوەی حەفت رۆژ دەخایەنێت، لەو ماوەیەدا چەند رێوڕەسمێکی تایبەت بەڕێوەدەچێت.
رێوڕەسمەکانی جەژنی جەما لە ئایینی ئێزدی و باوەڕی ئیزدییەکاندا ھاوتای حەجە لە ئایینی ئیسلامدا و ھاوشیوەی ئاوی زەمزەم ئێزدییەکان ئاوی کەلۆک لە کانی سپی بە پیرۆز دەزانن.
ئەم جەژنە یەکێکە لەو جەژنانەی ئێزدییەکان کە چەندین رێوڕەسمی ئایینیان لەم جەژنەدا بەڕێوەدەچێت کە پەیڕەوانی ئەم ئایینە لە سەرتاسەری جیھان روو لە پەرستگەی لالش دەکەن.
ئەم جەژنە، جەژنی ھەرە گرنگی ئێزدییەکانە و جەژنەکە تەنیا لە پەرستگەی لالش بەڕێوەدەچێت و دەبێت بڕیارێکی پێشوەختە لە لایەن ئەنجوومەنی رووحانی ھەبێت سەبارەت بە ئەنجامدانی جەژنەکە، چونکە کاتێک بارودۆخی ئێزدییەکان خراپ بێت، ئەم جەژنە بەڕێوەناچێت، لە کاتی پەلاماردانی داعش بۆ شنگال لە ساڵی ٢٠١٤دا، بڕیارێکدرا لە لایەن ئەنجوومەنی رووحانی ئێزدی کە ئەم جەژنە بەڕێوەنەچوو، ئەم بڕیارە ماوەی چوار ساڵ کاری پێکرا و، یەکەم جەژنیش دوای داعش لە ساڵی ٢٠١٨ دا ئەنجامدرا.
رێورەسمەکان بەسەر حەفت رۆژی ئەم حەفتەیە دابەشدەکرێن، رۆژی یەکەم رێوڕەسمی بەیتی ئێوارە و سەمایی ئایینی بەگوێرەی ئایینی ئێزدی بەڕێوەدەچێت.
رۆژی دووەم تەوافی تەواوی مەزارەکانی پەرستگەی لالش بەراکردن بەڕێوەدەچێت. رۆژی سێیەم و چوارەم ئەم رێورەسمانە دووبارە دەکرێنەوە.
رۆژی پێنجەم رێورەسمی حەفت پەری بەڕێوەدەچێت. لەم رۆژەدا حەفت کچ وەکو حەفت پەری دەڕازێنرێنەوە بە جلی سپی، وەکو ئاماژەیەک بۆ حەفت فریشتەی ئاسمان.
رۆژی شەشەم، رێورەسمی "قەباغ" بەڕێوەدەچێت. لەم رێورەسمەدا گایەک سەردەبڕن و وەکو قوربانی بۆ خوداوەندی رۆژ.
رۆژی حەوتەم رێورەسمی "بەربەرسوارکردن" بەڕێوەدەچێت، بە مانای ئەوەی رێورەسمی جەژنەکە تەواوبووە.
لالش دەکەوێتە ناو دۆڵێک کە بە زنجیرە چیای بچووک دەورە دراوە لە سنووری پارێزگای دهۆک، ئەو شوێنە لەلایەن پەیڕەوکارانی ئایینی ئێزدییەوە بە شوێنێکی پیرۆز دادەندرێت و، ٦٠ کیلۆمەتر لە شاری مووسڵەوە دوورە.