Kasım İleri
08 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 08 ئەیلوول 2022
واشنتۆن - AA
دوای ئاشکرابوونی ئەوەی کە ماددەی خاوی یەکێک لەو موگناتیسانەی لە ماتۆڕی فڕۆکەی جەنگیی جۆری "ئێف-٣٥"دا بەکاردەهێندرێت لە چینەوە هاوردە دەکرێت، ئەمریکا بەشێوەیەکی کاتی رادەستکردنی ئەو جۆرە فڕۆکەیەی بە سوپای ئەمریکا و وڵاتانی دیکە، هەڵپەسارد.
کۆمپانیای لۆکهید کە بەرهەمهێنەری سەرەکی فڕۆکەکەیە لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستووەتەڕوو کە ئاشکرا بووە لە یەکێک لە پەمپەکانی ماتۆڕی فڕۆکەکەدا، موگناتیسێک بەکاردەهێندرێت کە لە چینەوە هاوردە دەکرێت، بە ئامانجی گونجاندنی ئەو کەرەستانەی لە فڕۆکەکەدا بەکاردەهێنرێن لەگەڵ یاساکانی ئەمریکا، بەشێوەیەکی کاتی، رادەستکردنی فڕۆکەی جەنگیی جۆری "ئێف-٣٥" بە سوپای ئەمریکا و وڵاتانی دیکە، هەڵپەسێردراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە کە ئەو فڕۆکانەی لەئێستادا رادەستکراون و بەکاردەهێنرێن، بڕیاری هەڵپەساردنەکە نایانگرێتەوە.
جێی وەبیرهێنانەوەیە، ئاژانسی بەڕێوەبردنی کۆنتڕۆڵی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە ١٩ی ئابدا هۆشداری ئەوەی دایە نووسینگەی فڕۆکەی جەنگیی "ئێف-٣٥" کە ئەو ماددە خاوەی لە یەکێک لە موگناتیسەکانی فڕۆکەکەدا بەکاردەهێنرێت لە چینەوە هاوردە دەکرێت. لە کۆتایی مانگی ئابیشدا یەکێک لەو کۆمپانیایانەی کە کەرەستە پێویستەکانی ئەم جۆرە فڕۆکەیە دابین دەکەن، ئەوەی خستەڕوو کە هەرچەندە ئەو ماددە خاوەی لە دروستکردنی موگناتیسەکەدا بەکاردەهێنرێت لە چینەوە هاوردە دەکرێت، بەڵام خودی موگناتیسەکە لە ئەمریکا بارگاوی دەکرێت.