Zana Natık Kerem
08 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 08 ئەیلوول 2022
ھەولێر ــ AA
بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، تەقینەوەیەک لە باخچەی ماڵی وەزیری کار و گواستنەوەی لوبنان، عەلی حەمیە کە سەربە حزبوڵڵا-یە روویدا، بێ ئەوەی ھیچ زیانێکی لێ بکەوێتەوە.
ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی لوبنان بڵاوی کردەوە، بۆمبێک کە بە تەلی کارەباوە بەستراوبووە لە باخچەی ماڵی عەلی حەمیە لە شارۆچکەی تاریا سەربە قەزای بەعلەبەک رۆژھەڵاتی لوبنان تەقییوەتەوە.
ئاژانسەکە لە نووسینگەی راگەیاندنی وەزیری کارو و گواستنەوەی لوبنانی گواستووەتەوە کە ھێزە ئەمنییەکان لەبارەی تەقینەوەکەوە، دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.
ئاماژەی بەوەیشداوە کە تەقینەوەکە زیانی گیانی و ماددی لێ نەکەوتووەتەوە.
تا ئێستا دەسەڵاتدارانی لوبنان ھیچ روونکردنەوە و زانیارییەکیان لەبارەی تەقینەوەکە بڵاونەکردووەتەوە، ھەروەھا ھیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی خۆی لە ئەنجامدانی تەقینەوەکە رانەگەیاندووە.