Ahmet Dursun
28 شوبات 2023•نوێکردنەوە: 02 ئادار 2023
واشنتۆن - AA
حکوومەتی ئەمریکا بۆ رێگریکردن لە کارپێکردنی نایاسایی منداڵانی کۆچبەر، رێوشوێنی نوێ دەگرێتەبەر.
وەزارەتی کاری ئەمریکا ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە پێنج ساڵی رابردوودا، ژمارەی کارپێکردنی نایاسایی منداڵان لە کۆمپانیاکاندا بە رێژەی سەدا ٧٠ زیادی کردووە.
وەزارەتی کاری ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە سێ هەزار و ٨٠٠ منداڵ لە زیاتر لە ٨٠٠ کۆمپانیادا کاردەکەن، ئەمەش پێشێلکردنی یاساکانی کارپێکردنی منداڵانە.
ئەو بەدواداچوونانەی لە راگەیاندنەکانی ئەمریکادا بڵاوکراونەتەوە، ئاماژە بەوە دەکەن کە منداڵانی کۆچبەر لە کێڵگەکانی پەلەوەر و سەربڕخانەکاندا کار بە ئامێری مەترسیدار دەکەن.
لێکۆڵینەوەکان باس لەوەش دەکەن کە منداڵانی کۆچبەر، بەپێچەوانەی یاساکانی تایبەت بە کارپێکردنی منداڵان، کاریان پێ دەکرێت.
وەزارەتەکانی کار، تەندروستی و خزمەتگوزاری مرۆیی ئەمریکا، بۆ رێگریکردن لەم دیاردەیە، چەند رێوشوێنێکیان گرتووەتەبەر کە لەنێویاندا توندکردنەوەی چاودێریی لەسەر تۆماری ئەو پێگەیشتووانە کە سپۆنسەری منداڵانی کۆچبەر دەکەن لە دەرەوەی چاودێری دەوڵەت، هەروەها زیادکردنی هەوڵەکانی لێکۆڵینەوە لە حاڵەتەکانی بازرگانیکردن بە منداڵ لە شوێنکارەکانی سەرتاسەری ئەمریکا، یەکێکی دیکەیە لەو رێوشوێنانە.
وەزارەتی کاری ئەمریکا، لەو شوێنانەی کە ئەگەری بازرگانیکردن بە منداڵانی لێ هەیە، لێکۆڵینەوە لە کارکردنی منداڵان دەست پێ دەکات و رێوشوێنی یاسایش دەگرێتەبەر لەگەڵ هەر کۆمپانیایەک کە سوود لە کارپێکردنی منداڵان ببینێت.
حکوومەتی ئەمریکا، لەڕێی دانانی سندوقێکی کۆنگرێس بۆ لێکۆڵینەوەکانی وەزارەتی کار و زیادکردنی سزای پێشێلکارییەکان، دەیەوێت هەنگاو بگرێتەبەر بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی منداڵان وەک هێزی کار لە کۆمپانیاکاندا. باس لەوەش دەکرێت کە دیاریکردنی ١٥ هەزار و ١٣٨ دۆلار وەک سزای کارپێکردنی منداڵان لە ئەمریکا "سزایەکی قورس نییە بۆ کۆمپانیا گەورەکان".