Dilara Karataş,Aladdin Mustafaoğlu
21 کانوونی یەکەم 2025•نوێکردنەوە: 22 کانوونی یەکەم 2025
ئەنقەرە ــ AA
وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا، کریستی نۆیم ڕایگەیاند کە لە کەناراوەکانی ڤێنزوێلا، دەستیان بەسەر کەشتییەکی نەوتھەڵگردا گرتووە.
کریستی نۆیم لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس"، ئاماژەی بەوەداوە ھێزەکانی پاسەوانی دەریایی ئەمریکا لە میانی ئۆپەراسیۆنێکدا کە لە کەناراوەکانی ڤێنزوێلا ئەنجامیانداوە، دەستیان بەسەر کەشتییەکی نەوتھەڵگر داگرتووە.
بانگەشەی ئەوەشی کردووە، ئەو کەشتییە نەوتھەڵگرەی کە دەستی بەسەردا گیراوە، سزاکانی ئەمریکا دەیگرێتەوە و ھەروەھا ئەو بڕەی نەوتەی کە دەستی بەسەرداگیراوە، بۆ پارەدارکردنی "تیرۆریستانی ماددە ھۆشبەر" بەکاردەھێنراوە.
ڕاشیگەیاندووە: "بەردەوام دەبین لە بەدواداچوون بۆ جوڵەی نایاسایی گواستنەوەی نەوتی سزادراو".
ھەر لەوبارەیەوە وەزیری جەنگی ئەمریکا، پیت ھێگسیت لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" نووسیوویەتی: "گەمارۆدانی کەشتییە نەوتھەڵگرەکانی سزادراو کە بەرەو ڤێنزوێلا دەڕۆن، بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی ڕژێمی نیکۆڵاس مادورۆ ھەموو ئەو سەروەت و سامانانەی ئەمریکا کە تاڵانی کردووە، دەگەڕێنێتەوە".