Kasım İleri
25 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 26 ئادار 2023
واشنتۆن - AA
ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا لەسەر بنەمای ستراتیجییەکانی لایەنەکان لە ناوچەی هیند-پاسیفیک مانۆڕێکی دەریایی دوو رۆژەیان دژبە چین ئەنجامدا.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند "وەک ئەوەی لە کۆبوونەوەی راوێژکاریی باڵای یەکێتیی ئەورووپا و ئەمریکا لە دووی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ بڕیاری لەسەر درا لە رۆژانی ٢٣ و ٢٤ی ئاداری ٢٠٢٣ یەکێتیی ئەورووپا و ئەمریکا مانۆڕێکی دەریایی هاوبەشیان ئەنجامدا".
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە کەشتی جەنگی ئەمریکی USS Paul Hamilton و کەشتیی ئیسپانی Reina Sofia لە ئۆپەراسیۆنی ئەتالانتای هێزی دەریایی یەکێتیی ئەورووپا و کەشتیی ئیتاڵی Carlo Bergamini بەشدارییان لە مانۆڕەکەدا کردووە، هەروەها مەشق و راهێنان بە مەبەستی باشترکردنی رێکارەکانی سەرکەوتنەسەر کەشتی و گەشتکردن و یەکخستنی کەشتییەکان لە مانۆڕەکەدا ئەنجامدراون.
لە راگەیەندراوەکەدا شوێنی بەڕێوەچوونی مانۆڕەکە نەخراوەتەڕوو و هاتووە: "ئەو مانۆڕە بەشێکە لە بەڵێنە هاوبەشەکانی یەکێتیی ئەورووپا و ئەمریکا کە سەبارەت بە هاوکارییە دەریایییەکانیان دراوە. هەروەها مانۆڕەکە بە ئامانجی پاڵپشتیکردنی ناوچەی هیندستان-پاسیفیک، هاوتەریب لەگەڵ بەڵگەنامەکانی وەک ستراتیجیی هاوکاریی یەکێتیی ئەورووپا سەبارەت بە هیند-پاسیفیک و ستراتیجیی ئەمریکا سەبارەت بە هیندستان-پاسیفیک ئەنجام دراوە. ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا دووپاتی دەکەنەوە کە زیاتر کاری هاوبەش و هەماهەنگی بۆ ئاسایشی دەریایی لە ناوچەی هیندستان-پاسیفیک دەکەن و هەوڵ دەدەن بۆ پاڵپشتیکردنی بەکارهێنانی دەریاکان بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان".
باس لەوە دەکرێت کە ئامانجی سەرەکی ئەم مانۆڕە دژایەتیکردنی چینە لە ناوچەی پاسیفیک.