عەمان
حکومەتی ئەمریکا بڵاویکردەوە کە بڕیاریان دەرکردووە بە مەبەستی گەیاندنی ھاوکاری زیاتری بە ئاوارە سورییەکان وڵاتانی دەراوسێ و لەو چوارچێوەیەدا ٤٧.٤ ملیۆن دۆلار ھاوکاری ئاوارە سورییەکانی تورکیا دەکات.
بە پێی لێدوانێکی چاپەمەنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عەمان، لەسەر داوای نەتەوەیەکگرتووەکان وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جۆن کیری ئاماژەی بەوە کردووە کە حکومەتی ئەمریکا ھاوکاری زیاتر پێشکەشی ئاوارە سورییەکان دەکات.
لەو لێدوانە چاپەمەنییەدا کە ئاماژە بە ئاوارە بوونی ٦.٥ ملیۆن کەس لەسەر ئاستی ناوخۆیی سوریا کراوە، جەخەت لەوە کراوە کە بە پێی ئامارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان نزیکەی ١١ ملیۆن کەس لەسەر ئاستی ناوخۆیی سوریا ئاوارە بوونە و ھەموویان بە ھۆی شەڕی ناوخۆیی و برسیتییەوە پێویستییان بە ھاوکاری ھەیە.
لە بەشێکی دیکەی ئەو لێدوانەدا نووسراوە کە ئەمریکا نزیکەی ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری دیکە ھاوکاری پەنابەرانی سوریا دەکات و ٢٤٠ ملیۆن دۆلار بۆ ئەو کەسانە دەبێ کە لە ژێر کاریگەری قەیرانەکەدان و ٣٠ ملیۆن دۆلار لە رێگای رێکخراوە مرۆییەکانەوە روانەی سوریا دەکرێ و ٢٥٠ ملیۆن دۆلاری دیکەیش بۆ ئەو ئاوارە سورییانە دەبێ کە روویان لە وڵاتانی دەراوسێ کردووە و لەو چوارچێوەیەدا ١٠٣.٨ ملیۆن دۆلار بۆ ئاوارە سورییەکانی لوبنان، ٥٦.٧ ملیۆن بۆ ئاواره سورییهكانی ئوردن، ٤٧.٤ ملیۆن دۆلار بۆ ئاواره سورییهكانی تورکیا، ٢٩.٧ ملیۆن دۆلار بۆ ئاواره سورییهكانی عێراق و ١٥ ملیۆنی دیکەیش بۆ ئاوارە سورییەکانی میسر تهرخان دهكرێت.
لەلایەکی دیکەوە ئاماژە بەوە کراوە کە ئەمریکا بە بڕەی ٤٨ ملیۆن دۆلاری دیکە ھاوکاری ئەو ئاوارە عێراقییانە دەکات کە بە ھۆی شەڕی ناوخۆیی ئاوارە بوونە.
لەو لێدوانەدا باسی ئەوەش کراوە كه بەھۆی شەڕی ناوخۆیی و ئاڵۆزییەکانی عێراقەوە نزیکەی ١.٨ ملیۆن کەس ئاوارە بوونە و بۆ گەیاندنی ھاوکاری بۆ ئەو ئاوارانە ٣٦ ملیۆن دۆلار ھاوکاری رێکخراوە مەدەنی و مرۆییەکان دەکرێ و ھاوکات ١١ ملیۆن دۆلاری دیکە لە رێگەی رێکخراوە مرۆییەکانەوە پێشکەشی ئەو ئاوارە عێراقییانە دەکرێ کە روویان لە لوبنان، ئوردن و سوریا کردووە.