پاریس
سەرکۆماری عێراق فوئاد مەعسوم گوتاری دەستپێکردنی کۆنفرانسی شەڕی جیھانی دژی داعشی لە پاریس پێشکەشکرد و داوای لە وڵاتانی جیھان کرد بەشداری لە ئۆپەراسیۆنە ئەسمانییەکانی دژی داعش بکەن.
مەسعوم له گوتهكهیدا گوتی: "ئەمە یەکەم جارە لە مێژوودا عێراق رووبەرووی گروپێکی تیرۆریستی بەو جۆرە دەبێتەوە، تیرۆریستانی داعش بەبێ جیاوازیکردن، ئەوانەی وەکو ئەوان بیر نەکەنەوە ئەشکەنجەیان دەدات و دەیانکوژێ و بێجگە لە مەسیحییەکانی ناوچەکە، ھاوکات شیعە، تورکمان، سوننە و پێکھاتەکانی دیکەی ناوچەکە بوونە ئامانجی ھێرشەکانی تیرۆریستانی داعش."
سهرۆكی كۆماری عێراق له بهردهوامی قسهكانیدا گوتی: "تیرۆریستانی داعش بەھەموو شێوەیەک ھێرش دهكهنه سەر مزگەوت و ئهو شوێنانهی پهرستنیان تێدا دهكرێت بۆیە عێراق پێویستی بە شەڕی دژی توندڕەوی ھەیە و پێویستە کۆمەڵگەی جیھانی لە رووی ھێرشی ئاسمانییەوە ھاوکاری و پشتگیری عێراق لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش بکات."
دواتر سەرۆك کۆماری فهڕەنسا فرانسوا هۆڵاند گوتەیەکی پێشکەشکرد و گوتی: "ئامانجی ئەم کۆنفڕانسە ھاوکاریکردنی عێراق لە شەڕی دژی داعش و دەرخستنی تیرۆریستانی داعش لە عێراقە. تیرۆریستانی داعش لە دژی خەڵکی مەدەنی و رۆژنامەوان کۆمەڵکوژیان ئەنجامداوە و پێکھاتە ئاینییەکانیش ئامانجێکی سەرەکی تیرۆریستانی داعشن. ھەڕەشە و مەترسییەکانی داعش بوونەته ھەڕەشە و مەترسی جیھانی، بۆیە پێویستە لەسەر ئاستی جیھانیش وەڵامی ئەو ھەڕەشە و مەترسییانە بدرێتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش کاتمان نییە کە بە فیرۆی بدەین، خەڵکی ناوچەکە پێویستی بە ھاوکاری مرۆیی ھەیە، ژن و منداڵان زۆر غەدریان لێکراوە، بۆ ئەوەی زیاتر غەدریان لێ نەکرێت پێویستە چالاکانەتر ھەوڵ بدەین."
هۆڵاند لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: "گەیاندنی ھاوکاری سەربازی بۆ عێراق زۆر گرنگە و ئێمە وەکو فهڕەنسا لە بواری سەربازیدا ھاوکاری پێویستمان گەیاندۆتە عێراق و ئەمریکاش لە بەرامبەر داعش زۆر تۆڕەیە و جێگربوونی داعش لە سوریا بووەتە رێگەخۆشکەر بۆ ئەوەی داعش ببێتە مەترسی بۆ سەر جیھان."
هۆڵاند لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی رۆیشتنی گەنجە جیھادییەکان بۆ سوریا و عێراق کرد و گوتی: "پێویستە رێگری لە ھەڵخەڵەتاندنی ئەو گەنجانە بکرێت و مۆڵەت بەو رێکخراو و ناوەندە جیاجیایانە نەدرێ کە گەنجەکان ھەڵبخەڵەتێنن. پێویستە لە رووی سیاسییەوە وەڵامێکی توندی تیرۆر بدرێتەوە و پێویستە ھاوکاری ھێزە دیموکراتییەکانی سوریا بکرێ و ھاوکات دەبێ ھاوکاری لوبنانیش بکەین، لوبنان کە تا ئێستا نزیکەی دوو ملیۆن پەنابەری لە خۆ گرتووە بۆ ئەوەی بتوانێ ئاسایشی خۆی بپارێزێ، پێویستی بە ھاوکاری ھەیە."
کۆنفڕانسی پاریس کە لە ژێر ناوی (ئاشتی و ئارامی بۆ عێراق) بهمهبهستی شەڕ جیھانی دژی داعش دەستی پێکردووە، گفتوگۆ لەسەر چۆنییهتی وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی داعش، گەیاندنی ھاوکاری مرۆیی بۆ خەڵکی ناوچەکە و ھەروەھا پاراستنی ئاسایشی سنورەکان دەکات و بێجگە لە فهڕەنسا، وڵاتانی وەکو ئەمریکا، ئەڵمانیا، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، دانیمارک، تورکیا، ھۆڵهندا، عێراق، بەریتانیا، ئیسپانیا، ئیتاڵیا، کهنهدا، قەتەر، کوێت، لوبنان، میسر، نۆروێژ، روسیا، سعودیە، عەمان، بەحرەین، ژاپۆن، ئوردن و نوێنەرانی ھەر یەک لە کۆمکاری عەرەبی، نەتەوەیەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا بهشداری كۆنفڕانسهكه دهكهن.