Kasım İleri
09 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 10 شوبات 2021
واشنتۆن - AA
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن رایگەیاند کە ئەگەر سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ شێوازی کارکردنیشی هەڵە بووبێت، هەڵوێستی بەرامبەربە چین راست بووە.
ئەنتۆنی بلینکن لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنی سی ئێن ئێن-دا، وەڵامی پرسیارەکانی وۆڵف بلیتزەر-ی دایەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە ئەمریکا چ لە رووی هاریکاری یان رکابەری یاخود پەیوەندی دوژمنایەتی بێت لە پێگەیەکی بەهێزەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ چین بنیاتبنێت.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی لە پەیوەندییەکان کرد لەگەڵ چین و هەڵسەنگاندنی بۆ سەرۆکی پێشوو دۆناڵد ترەمپ کرد.
ئەنتۆنی بلینکن گوتی: ''ئەگەر پێویست بکات دادپەروەربین بەرامبەر سەرۆک ترەمپ، ئەوا هەڵوێستی توندی بەرامبەربە چین راست بوو. راستەکە ئەوە بوو. شێوازی ئەنجامدانەکەی هەڵە بوو، بەڵام پڕەنسیپی سەرەکی دروست بوو''.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەوەشی خستەڕوو کە پێویستە واشنتۆن هاوپەیمانێتییەکانی بەهێز بکات بۆ بنیاتنانی پەیوەندی لەگەڵ چین لە پێگەیەکی بەهێزەوە.
ئەنتۆنی بلینکن باسی لەوە کرد کە چین شوێنی ئەمریکای گرتووەتەوە لەو وڵاتانەی کە ئەمریکا لێی کشاوەتەوە و لە دروستکردنی پەیوەندیدا وازیلێهێناون.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن راشیگەیاند ''کاتێک لە ناوچەی سینجان مافی گەلی ئویگور پێشێلکرا یان لە هۆنگ کۆنگ دیموکراسی خراپ بەکارهێنرا، پێویستە لە رووی سەربازییەوە لە پێگەیەکی ئامادەدابین و وەبەرهێنان لە خەڵکەکانماندا بکەین بۆ ئەوەی بتوانین بە شێوەیەکی کاریگەر رکابەرایەتی بکەین. کاتێک هەموو ئەوانەمان ئەنجامدا و هەموو ئەوانە لەژێر کۆنترۆڵی ئێمەدابوون، ئەوکاتە دەتوانین لە پێگەیەنی بەهێزدا پەیوەندی لەگەڵ چین دروست بکەین''.
ئەنتۆنی بلینکن باسی لەوەیش کرد کە مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسیی چەقی سیاسەتی دەرەکی ئەمریکا پێکدەهێنن لە حکوومەتەکی سەرۆک جۆ بایدن-دا، ئەوەشی خستەڕوو کە ئەمریکا لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا بە هاوبەشی کار دەکات لەبارەی پێشێلکارییەکانی مافی گەلی ئویگور.