Abdullah Shukur
17 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 18 کانوونی یەکەم 2017
واشنتۆن - AA
بڕیارە لەسەر دەستپێشخەرییەکانی تورکیا، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان پڕۆژە بڕیارێک دژی گۆڕینی دۆخی ئێستای قودس بەشێوەیەکی تاک لایەنە، تاوتوێ بکات.
بەپێی ئەو زانیاریانەی کە لە سەرچاوەکانی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا وەرگیراون، پێشبینی ئەوە دەکرێ کە پڕۆژە بڕیارەکە سبەینێ لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان تاوتوێ بکرێت.
راشگەیەنرا کە پڕۆژە بڕیارەکە لە لایەن میسرەوە پێشکەش دەکرێ کە ئێستا ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە و خاوەنی پێشنیارەکەش فەڵەستینە. ھاوکات جەختیش لەوە کرایەوە کە لە دوای بڕیاری ئەمریکا لەبارەی ناساندنی قودس وەک پایتەختی ئیسرائیل، تورکیاش لەم قۆناغە رۆڵی گرنگی گێراوە بەوەی کە ئەم بڕیارە ھەڵبوەشێتەوە.
لە ناوەڕۆکی پڕۆژە بڕیارەکەدا ئاماژە بە بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی قودس کراوە و راشگەیەنراوە کە بڕیاری کۆتایی لەسەر قودس دەبێ لە ئەنجامی گفتوگۆیەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین دیار بکرێ نەک بە بڕیارێکی تاکلایانە.
لە پڕۆژە بڕیارەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە دەبێ گشت ئەو بڕیارە تاکلایانانەی دەبێتە ھۆی گۆڕینی پێکھاتە و پێگە و دیمۆگرافیای قودس، ھەڵبوەشێتەوە.
داواشکرا کە ھیچ وڵاتێک باڵیۆزخانەی خۆی بۆ شاری قودس نەگوازێتەوە.
لە پڕۆژە بڕیارەکەدا ئاماژە بەوەش کرا کە ئەگەری زۆرە ئەمریکا مافی ڤیتۆ لەبارەی بڕیارەکە بەکاربھێنێت و بەم ھۆیەوەش لەوانەیە بڕیارەکە بگوازرێتەوە بۆ پەرلەمانی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان.
ھەفتەی رابردوو بە دەستپێشخەری تورکیا لووتکەی رێکخراوی ھاریکاری ئیسلامی لە شاری ئیستانبوڵ بەسترا و تێدا شاری قودس وەک پایتەختی دەوڵەتی قودس ناسێنرا.
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە ٦ی کانوونی دووەم، شاری قودسی وەک پایتەختی ئیسرائیل ناساند و بڕیاریشی دا بە گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە شاری تەلئەبیبەوە بۆ قودس.
- نیو سەدەیە قودس لە ژێر داگیرکارییدایە.
چەند رۆژێک لەمەوبەر، سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بڕیاری ژمارەی ٤٧٨ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ساڵی ١٩٨٠ کە دانی بە راگەیاندنی قودسی رۆژھەڵات وەک پایتەختی ئیسرائیل دا نەنا، پێشێل کرد و قودسی وەک پایتەختی ئیسرائیل ناساند و گوتی: "کاتی ئەوە ھاتووە بە فەرمی دان بە قودس دابنێین وەک پایتەختی ئیسرائیل".
ھەروەھا ترەمپ راگەیاند کە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی راسپاردووە بۆ دەستکردن بە ئامادەکارییەکانی گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە شاری تەلئەبیبەوە بۆ قودس.
ئیسرائیل لە پێنجی حوزەیرانی ١٩٦٧ەوە قودسی رۆژھەڵاتی داگیرکردووە. لە ساڵی ١٩٨٠وە تاکلایەنە بەشی رۆژھەڵات و رۆژئاوای شارەکەی وەک "پایتەختی یەکگرتوو" راگەیاندبوو.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە پەسەندکردنی بڕیاری ژمارە ٤٧٨ لە ساڵی ١٩٨٠ راگەیاندنی قودسی بە پایتەختی ئسرائیل، رەتکردەوە.
بە پێی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە ئەمریکاشەوە دان بەوە دادەنێن کە قودسی رۆژھەڵات لە ژێر داگیرکاریدایە.
سەرجەم ئەو وڵاتانەی دان بە ئیدارەی ئیسرائیل دادەنێن باڵیۆزخانەکانیان لە تەلئەبیبە و، ھیچ وڵاتێک دان بەوە دانانێت کە قودس یان بەشی رۆژھەڵات یان رۆژئاوای شارەکە پایتەختی ئیسرائیلە.