لواندا
روزا کروزا سیلڤیا، وەزیری رۆشنبیریی ئەنگۆلا، بۆ ئاژانسی ھەواڵیی ئەنگۆلا -ئانگۆپ رایگەیاند:حکومەتی ئەنگۆلا درێژە بە بەرەنگاربوونەوەی ئاینی ئیسلام و ھەموو گروپەکانی بەدەر لە یاسا دەدەن.
سلیڤیا گوتوویەتی:" حکومەتەکەمان لەبارەی ئازادیی گروپە ئاینیەکان، لە چوارچێوەی پێوانە نێودەوڵەتییەکان سەر لەنوێ بە یاساکاندا دەچێتەوە، بە تایبەت ئەو گروپە ئاینییانەی کە لەگەڵ کەلتوور و نەریتی ئەنغولا ناگونجێن. لەبەر ئەوەی لە ئاینی ئیسلامدا لە چوارچێوەی دادپەروەری و مافەکانی مرۆڤ تا ئێستا گۆڕانکاری یاسایی نەکراوە، بۆیە دەرگای مزگەوتەکان دادەخرێن".
سیلڤیا ئاماژەی بەوەدا لە ئەنگۆلا ئەو گروپە ئاینییانەی رێگەیان پێنەدراوە پەیڕەوی ئاینی خۆیان بکەن، ژمارەیان ١٩٤ گروپە، ھەروەھا داخستنی مزگەوتەکان لە چوارچێوەی بەرەنگاربووونەوەی گروپە دژ بە یاساکان، دوایین ھەنگاوە.
کۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ لە نەتەوەیەکگرتووەکان، رەخنەی لە مامەڵەی ئەنگۆلا دەرھەق بە موسڵمانان و داخستنی مزگەوتەکان وەسفکردنی موسڵمانان بە "پشتیوانی تیرۆر" گرتووە.
ژمارەی دانیشتووانی ئەنگۆلا کە دەکەوێتە باشووری کیشوەری ئەفریقا ١٨ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار کەسە، زۆرینەیان مەسیحین.
موسڵمانانی ئەم وڵاتەش کە زۆربەیان بەرەو رۆژئاوای ئەفریقا و لوبنان کۆچیان کردووە، ژمارەیان ٩٠ ھەزار کەسە.