ھەولێر
بارودۆخی نێوخۆیی عێراق، ھەڵبژاردنەکان، سوریا، پەیوەندییەکانی ھەردوو وڵات سەرەکیترین کارنامەی سەردانەکان دەبن.
محەمەد خالیدی، بڕیاردەری پەرلەمانی عێراق و کەسی زۆر نزیک لە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند: مانگی داھاتوو داوەتنامە دەگات بە ھەر یەکە لە مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، ئوسامە نوجێفی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئەیاد عەلاوی سەرۆکی لیستی عێراقیە لەلایەن کۆشکی سپییەوە تا سەردانی ئەمریکا بکەن."
بەڵام ھێشتا دیار نییە کاتی سەردانەکە کەیە.
لەلایەکی دیکە فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی (زەمان)ی عێراقی، رۆژی چوارشەممە٢٠ی تشرینی دووەم، جەختیی لەڕاستی ئەو ھەواڵە کردۆتەوەو گوتوویەتی: "ھێشتا داوەتنامەکە لەرێی دەزگاکانی راگەیاندنەوەیە، بەپێی زانیاریی من ئەیاد عەلاوی و ئوسامە نوجێفی و سەرۆک بارزانی داوەتکراون بۆ ئەو سەردانە."
بانگھێشتکردنی بەشێک لەسەرکردەکانی عێراق بۆ ئەمریکا پاش سەردانەکەی ٢٨ی تشرینی یەکەمی رابردووی نوری مالیکی سەرۆکوەزیرانی عێراق دێ کە کڕینی چەک ھۆکاری سەرەکیی سەردانەکەبوو.
خالیدی، بڕیاردەری پەرلەمانی عێراق روونیکردەوە سەردانی بارزانی و نوجێفی و عەلاوی بۆ ئەمریکا، لە یەککاتدا نابێ.
لەبارەی کارنامەی سەردانەکان، خالیدی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پرسە نێوخۆییەکانی عێراق، لەوانە پرسی تێکچوونی رەوشی ئاسایشی وڵات. کێشەکانی نێوان حکومەتی ناوەند و ھەرێم، پەراوێزخستنی پێکھاتەیەکی دیاریکراو، پرسی ھەڵبژاردنی داھاتووی عێراق، ھەروەھا پرسی سوریا و دوایین گۆڕانکاریی لەو وڵاتە، ھەروەھا پەیوەندیی نێوان عێراق و ئەمریکا و رێککەوتنی ستراتیژیی نێوان ھەردوو وڵات، دەخرێنە بەرباس."
خالیدی باسی لەوەشکرد بەپێی زانیارییەکانی، لەدوایین سەردانی مالیکی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کاربەدەستانی ئەو وڵاتە نیگەرانییان لەمەڕ رەوشی ئەمنیی عێراق و نەبوونی خزمەتگوزاریی پێویست بۆ ھاووڵاتییان دەربڕیوە.