Hemin Hüseyin
09 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 10 تشرینی دووەم 2016
هەولێر - AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی سەردانی سەنگەرەکانی ھێزی پێشمەرگەی لە میحوەری باشیک کرد.
بەمەبەستی ئاگاداربوون لە رەوشی بەرەکانی شەڕ و ناوچە ئازادکراوەکان و بارودۆخی پێشمەرگە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی سەردانی سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی کرد لە میحوەری باشیک.
بەپێی هەواڵێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لەو سەردانەدا بارزانی پیرۆزبایی ئازادکردنی شارۆچکەی باشیکی لە گەلی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکان کرد و سوپاس و دەستخۆشیشی لە فەرماندە و پێشمەرگەکانی ئەو ھێزانە کرد کە بەشداری ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی شارۆچکەی باشیک بوونە و سەرکەوتنێکی مەزنیان لەبەرامبەر تیرۆریستانی داعش تۆمار کردووە.
لە بەشێکی هەواڵەکەدا هاتووە: "سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی خانەوادە و کەسوکاری شەھیدەکان کرد و ھیوای چاکبوونەوەشی بۆ برینداران خواست".
سەبارەت بە رەوشی شارۆچکەی باشیک و پاراستنی ئاسایشی ناو شارۆچکەکە، هەر وەک لە هەواڵەکەدا هاتووە: "بارزانی ئامۆژگاریی پێویستی بۆ فەرماندەکانی پێشمەرگە خستەڕوو، هاوکات داوایکرد کە شارۆچکەی باشیک بە زووترین کات لە مین و تەقەمەنی و پاشماوەی تیرۆریستان پاک بکرێتەوە بۆ ئەوەی دانیشتووانی شارۆچکەکە بتوانن بە دڵنیایی بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان بگەڕێنەوە".
شارۆچکەی باشیک سەر بە پارێزگای مووسڵە و ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ لە ژێر دەستی تیرۆریستانی داعشدا بوو، رۆژی 7ی ئەم مانگە لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە کۆنتڕۆڵکرا و ئەمڕۆش کوچە و کۆڵانەکانی بە تەواویی پاککرایەوە.
ژمارەی دانیشتووانی شارۆچکەی باشیک بە 140 هەزار کەس دەخەملێنرێت کە پێکھاتوون لە کوردی ئێزدی، کوردی شەبەک، مەسیحی، عەرەب و تورکمان، دانیشتووانەکەی بە عەرەبی و کوردی و سریانی و تورکمانی قسە دەکەن.