Azad Muhammet Abdülkadir
27 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 27 تەمووز 2016
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەری سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی لە پەیامێکدا هاوخەمیی خۆی بۆ رووداوە تیرۆریستییەکەی قامیشلو بەمجۆرە رادەگەیەنێت:
"بە پەلامارە تیرۆریستییەكانی سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە 27ـی 7ـی 2016 بۆ سەر خوشك و براكانمان لە شاری قامیشلوی ڕۆژئاوای كوردستان زۆر دڵتەنگ و خەمناكم كە لە ئەنجامدا ژمارەیەكی زۆر، شەهید و برینداری لێ كەوتووەتەوە. زۆر بەتوندی ئیدانەی ئەو هێرشە دڕندانەی تیرۆریستان دەكەم، سەرەخۆشی لە كەسوكاری شەهیدانی ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە دەكەم و هیوای چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازم".
بارزانی لە کۆتایی پەیامەکەیدا بۆ دامودەزگەکانی هەرێمی رایدەگەیەنێت کە بەپیری بریندارانەوە بچن و لە درێژەی پەیامەکەدا هاتووە کە "پێویستە پارێزگای دهۆك و دامودەزگە پەیوەندیدارەكانی هەرێم بە هەموو توانایەكیان یارمەتیی لێقەوماوان و بریندارانی ڕووداوە تیرۆریستییەکەی قامیشلو بدەن".