Rewa Mahmut Hasan
22 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 23 حوزەیران 2016
ئەمڕۆ دوایین رۆژی بانگەشەی بەڕێوەچوونی ریفراندۆمە بۆ مانەوە یان دەستبەرداربوونی بریتانیا لە یەکێتیی ئەورووپا و بۆ ئەو مەبەستەش سیاسییەکان لەناو دەنگدەراندا پەیامی خۆیان بڵاو دەکەنەوە.
سەرۆکوەزیرانی بریتانیا دێڤید کامیرۆن لە ژێر ناوی "بریتانیا بە ئەورووپاوە بەهێزترە" هەڵمەتەکەی بەرێوە دەبات و لەمیانی لێدوانی بۆ کەناڵی بی بی سی، ئاماژەی بە مەترسییەکانی بواری ئابووری جیابوونەوەی بریتانیا کرد لەیەکێتییەکە و گوتی: "ئەگەر دەنگ بدەین بە جیابوونەوە، رێگەیەک دەگرینەبەر کە گەڕانەوەی نییە و وەک خۆهەڵدانە لە فڕۆکەیەکەوە کە هیچ گەڕانەوەی نابێت" .
کامیرۆن ئاماژەی بە هۆشدارییەکانی ئابووریناسان دا کە باس لەوە دەکەن کۆتاییهێنان بە یەکگرتوویی بانکی ناوەندی بریتانیا و سندووقی نێودەوڵەتی نەخت، ئەنجامەکەی نەرێنی دەبێت لەسەر ئابووری و گوتی: "شانشینی یەکگرتوو وڵاتێکی گەورەیە، نابێت هیچ دەزگایەک بەجێ بهێڵین، دەبێت سەرنج بدەینە ئەوەی چۆن بەقازانجی خۆمان لەگەڵ ئەم دەزگایانەدا دەبین" .
کامیرۆن ئاماژەی بەوەشدا کە بەجیابوونەوە لە یەکێتیی ئەورووپا ناتوانین کۆنترۆڵی کۆچ بۆ بریتانیا بکەین.
کامیرۆن راشیگەیاند ئەگەر ئەنجامی ریفراندۆمەکە جیابوونەوەی بریتانیا بوو لە یەکێتیی ئەورووپا ئەوە دەستبەرداری پۆستەکەی نابێت لە کورسی سەرۆکایەتی وەزیران و لە کۆتاییدا ناوبراو گوتی: "گەلی بریتانی بڕیار لەسەر چی بدات من قبووڵی دەکەم. ناڵێم ئەورووپا زۆر باشە و هەمووشتێکی تەواوە. پێویستی بەڕیفۆرم هەیە بەڵام سبەینێ بە دەنگدانمان، وڵاتمان لە جیهان دانەبڕین و زیان بە ئابوورییمان نەگەیەنین".