ھەولێر - AA
بریکاری وەزارەتی کارەبا، ھۆگر شاڵی دەڵێت ھەوڵدەدرێت لە رێگەی خۆرەوە کارەبا بەرھەم بھێنرێت، دەشڵێت قەیرانی دارایی زیانی زۆری بە پڕۆژەکانی کەرتی کارەبا گەیاندووە.
- "بەپێی سیستەمی نوێ، کارەبای زیاتر بە ھاووڵاتییان دەدرێت و دادپەروەرانەش دەبێت"
ئاژانسی ئانادۆڵو: لە وەزارەتی کارەبا و حکوومەتی ھەرێم پڕۆژەیەکتان لەبەردەستدایە بەناوی "وزە بۆ ھاووڵاتییان" وردەکاریی ئەم پڕۆژەیە چییە و کەی جێبەجێ دەکرێت و سیستەمی پێدانی کارەبا بەپێی ئەم سیستەمە چی لێ دێت؟
ھۆگر شاڵی: بەڕاستی ئەم پڕۆژەیە یەکێکە لەو پڕۆژە گرنگانەی کە چەند ساڵێکە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەنیازە جێبەجێی بکات، ھەروەھا پێشنیازەکانی بانکی نێودەوڵەتی کە لە کوردستان رۆڵیان ھەبوو بۆ ئەوەی وەزارەتی کارەبا ریفۆرم بکرێت و یەکێک لە چارەسەرییەکان بۆ کێشەی کارەبا بریتی بوو لە دانانی پێوەری زیرەک کە ئەمە دەبێتە ھۆکاری ئەوەی وزەیەکی زیاتر بۆ ھاووڵاتییان دابین بکەین، ھەروەھا ئەو وزەیەی بەفێرۆ دەچێت یان بەنایاسایی بەشێک لە ھاووڵاتییان دەستیان دەکەوێت بتوانین بگەڕێنینەوە بۆ تۆڕی کارەبای نیشتمانی و دیسانەوە ھاووڵاتی لێی سوودمەند بێت لە رێگەی دابەشکردنەوەی بەسەریاندا.
ئەم پڕۆژەیە دەبێتە ھۆکاری ئەوەی بتوانین ئەو محەویلانەی ھەمانە و لۆدیان لەسەرە رێکبخرێنەوە و ئیدی ئەو محەویلانە نەسووتێن، ئێمە ساڵانە چەندین محەویلەمان بە ھۆی ئەو لۆدە زۆرەی لەسەریانە دەسووتێن، بەڵام لەم سیستەمە نوێیەدا خۆی چارەسەرمان دەداتێ کە ئەو محەویلانە نەسووتێن.
بۆیە سەرکەوتنی ئەم پڕۆژەیە بۆ سەرخستنی سێکتەری کارەبایە لە ھەرێمی کوردستان و دڵخۆشکەریش دەبێت بۆ ھاووڵاتییان بۆ ئەوەی لە رێگەی ئەم سیستەمە دادپەروەری بچەسپێنین و ھەروەھا ھاووڵاتییان کاتژمێری زیاتر کارەبایان ھەبێت و تۆڕەکانی کارەبای نیشتمانیش بپارێزین.
ئاژانسی ئانادۆڵو: کەواتە لە رێگەی ئەم سیستەمە نوێیەوە پێوەری زیرەک دادەنرێت و کرێی کارەبا بەپێی بەکارھێنانی لە ھاووڵاتییان وەردەگیرێت؟
ھۆگر شاڵی: ئێمە وەکو سیاسەتی حکوومەتی ھەرێم و خودی جەنابی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمیش لە سیاسەتماندا نییە کە نرخی کارەبا لەسەر ھاووڵاتییان زیادبکەین، ئەم سیستەمەی دامانناوە ھاووڵاتییان چەند کارەبا خەرج بکەن بەپێی ئەو بڕە پارەی لێ وەردەگیرێت، ئەم پێوەرانە لەنێو ھیچ ماڵێک نییە، بەڵکو پێوەرەکان لەسەر ستونی کارەبای ئەو ماڵانە دەبەسترێت و بە ھێڵێک دەچێتە نێو ماڵەکەوە، ئەو پێوەرە سیمکارتێکی تێدایە و نەقڵی داتای ئەو ماڵە بۆ محەویلەکە و دواتر بۆ سەنتەری کارەبا دەگوازێتەوە بۆ ئەوەی پسوولەکەی بۆ تۆمار بکەین، ئەمە سیستەمێکی نوێیە لە وڵاتانی پێشکەوتوو بەکاردەھێنرێت و دەمانەوێت لە رێگەیەوە ھاووڵاتییان سوودەمەند بن لە کارەبا و زیاتر کارەبایان ھەبێت.
ئاژانسی ئانادۆڵو: خەرجیی ئەم پڕۆژەیە چەند دەبێت، باشییەکانی چییە؟
ھۆگر شاڵی: باشییەکانی ئەم پڕۆژەیە ئەوەیە ھاووڵاتییان کارەبای زیاتریان دەبێت، دادپەروەرانەش ئەو کارەبایەیان بەسەردا دابەش دەکرێت، ئەو زیادەڕۆییەی لەسەر کارەبا ھەیە کە ھەندێک ھاووڵاتی بەنایاسایی کارەبایان راکێشاوە ئەوە نامێنێت. لە ھەرێمی کوردستان لە نێوان ٣٠ بۆ ٣٥ لەسەدی رێژەی کارەبا بەفێرۆ دەچێت، دەمانەوێت ئەو رێژەیە بۆ کەمترین رێژە کەم بکەینەوە و بیخەینەوە نێو تۆڕی کارەبای نیشتمانی. ئێمە لە ساڵانی پێشووتر و لە کابینەکانی شەش و حەوتی حکوومەتی ھەرێم سەرقاڵی ئەم پڕۆژەیە بووین و دەیانویست ئەو پڕۆژەیە بە شێوەیەکی دیکە جێبەجێ بکرێت، بەڵام لە کابینەی حەوتەم جەنابی سەرۆکی حکوومەت وەستاندی چونکە پارەکەی زۆر زۆر بوو و پڕۆژەکە لە ملیارێک و ٣٠٠ ملیۆن دۆلار خەمڵێندرابوو، بەڵام پاش ئەوەی لە لایەن کۆمپانیایەکی ئەمریکی کە راوێژکاری پڕۆژەکەشن دیراسەیەکمان بۆ کرا و بە ٣٠٠ ملیۆن دۆلار خەمڵێندرا کە ئەم پڕۆژەیە جێبەجێ بکەین و ملیۆنێک و ٥٠٠ ھەزار بەشداربوو لەم جۆرە پێوەرەی بۆ دەبەسترێت.
- "٣٥ لەسەدی کارەبای کوردستان بەفێڕۆدەچێت کە زۆرینەشی لە لایەن ھاووڵاتییانەوەیە"
ئاژانسی ئانادۆڵو: باستان لەوەکرد رێژەی ٣٥ لەسەدی کارەبای بەرھەمھێنراوی ھەرێمی کوردستان بەفێڕۆدەچێت، چۆن و بۆچی؟
ھۆگر شاڵی: بەفێڕۆدانی وزەی کارەبا دوو جۆری ھەیە، جۆرێکیان تەکنیکییە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ھێلەکانی گواستنەوە کە ھەندێکی خراپە و تووشی لۆد دەبین، ئەوەش رێژەی ٥ تا ١٠ لەسەد دەبێت، بەڵام زۆرترینی بەفێڕۆچونەکە لە دزینی کارەبا و خراپ بەکارھێنانی لە ھەندێک کار کە پێویست نییە، ئەمەش دەبێتە ھۆی ئەوەی ھەموو هاووڵاتییان زەرەر بکەن.
ئاژانسی ئانادۆڵو: ئێستا ئاستی بەرھەمھێنانی و خەرجکردنی کارەبا لە ھەرێمی کوردستان چەند دەبێت؟
ھۆگر شاڵی: ئێمە توانای بەرھەمھێنانی تا پێنج ھەزار مێگاوات کارەبامان ھەیە، بەڵام بە ھۆی قەیرانی داراییەوە کە ناتوانین سووتەمەنی بکڕین تەنھا ئەو وێستگانە بەکاردەھێنین کە توانیومانە لە رێگەی کۆمانیای دانا غاز و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە غازی سروشتییان بۆ دابین بکەین وەکو وێستگەی ھەولێر و چەمچەماڵ و خوڕمەڵەش، ئەو غازەی ھەمانە بەشی ئەوە دەکات کە دوو ھەزار و ٧٠٠ مێگاوات کارەبا بەرھەم بھێنین، ئەوەی ھۆکاری سەرەکییە کە نەمانتوانیوە کارەبای زیاتر بەرھەم بھێنین ئەوەیە بارودۆخی دارایی کوردستان باش نییە و نەبوونی بوودجەیەکی زۆر بۆ کڕینی سووتەمەنی، ئێمە دەتوانین لە کۆتایی ئەمساڵدا تا شەش ھەزار مێگاواتیش بەرھەم بھێنین.
ئێستا لە ھاوینداین نزیکەی پێنج ھەزار میگاوات کارەبامان پێویست دەبێت بۆ ئەوەی بیخەینە تۆڕی نیشتمانی، ئێمە ئەگەر بارودۆخی دارایی کوردستان باش ببێت دەتوانین ئەو بڕە بەرھەم بھێنین و سووتەمەنی بکڕین، بەڵام ئایا بۆمان دەخرێتە نێو تۆڕی کارەبای نیشتمانییەوە؟، ئێمە کێشەیەکی زۆرمان لە بواری گواستنەوەی کارەبا و وێستگە ناوەندییەکان ھەیە، بۆیە ئەگەر توانای بەرھەمھێنانی کارەبای زیاتریشمان ھەبێت ناتوانین ئەو پێنج ھەزار مێگاواتە بخەینە نێو تۆڕی کارەبای نیشتمانییەوە.
- "بەشی ھەرە زۆری کارەبای کوردستان لە رێگەی غازی سروشتییەوە بەرھەم دەھێنرێت"
ئاژانسی ئانادۆڵو: پڕۆژەیەکتان ھەبوو بۆ ئەوەی کارەبای ھەرێمی کوردستان لە رێگەی غازەوە بەرھەمبھێنرێت، ئەم پڕۆژەیە بە کوێ گەیشت؟ تاوەکو ئێستا توانیوتانە سوود لە غازی سروشتی ھەرێم بۆ ئەو مەبەستە وەربگرن؟
ھۆگر شاڵی: بێگومان، بەڵێ ئەو دوو هەزار و ٧٠٠ مێگاواتەی ئێستا بەرھەمی دەھێنین ھەمووی لە رێگەی غازی سروشتییەوە کە دانا غاز و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆیان دابینکردووین، ئێستا بەپێی رێککەوتنی نێوان دانا غاز و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە کۆتایی ئەم مانگە رێژەی بەرھەمھێنانی غازی سروشتی زیاددەکەین و ئەوەش دەبێتە ھۆکاری ئەوەی رێژەیەک کارەبای بەرھەمھێنراو زیاد دەکرێت، ١٠٠ لەسەدی ئەو کارەبایەی ئێستا بەکاری دەھێنین لە رێگەی غازی سروشتییە لەگەڵ بەنداوەکانی کە ھەمانە، ئەو کارەبایەی لە غاز بەرھەم ناھێنرێت ئەوەیە کە لە دوو بەنداوەکەیە و ھەروەھا ٥٠ مێگاواتیش لە وێستگەیەک لە دھۆک بەرھەم دەھێنین و بە نەوتی رەشیش لە باعەدرێ کارەبا بەرهەم دەهێنین، واتە نزیکەی ٢٠٠ مێگاوات لەو دوو هەزار و ٧٠٠ مێگاواتەی بەرھەمی دەھێنین لە رێگەی غازی سروشتییەوە نییە ئەوی دیکە ھەمووی لە رێگەی غازی سروشتییەوەیە.
ئاژانسی ئانادۆڵو: دابینکردنی کارەبا لە چوارچێوەی سیستەمی پاڵپشتی چەند پارە لەسەر حکوومەتی ھەرێم دەکەوێت؟
ھۆگر شاڵی: ئێمە لە ساڵەکانی دوای ٢٠٠٨ و دواترەوە کە بووین بەخاوەنی کارەبای خۆمان زیاتر تاوەکو ساڵی ٢٠١٤ یەک لەسەر سێی بوودجەی حکوومەتی ھەرێممان لە کڕینی کارەبا خەرج دەکرد، بەڵام دوای قەیرانی دارایی بەرھەمھێنانی کارەبا لە رێگەی گازوایلەوە وەستێندرا و لە رێگەی غازی سروشتییەوە بەرھەمان ھێنا، ئێستا دەتوانم بڵێم باسی سێ ملیار و چوار ملیار ناکرێت، بەڵکو رەنگە لە نێوان ملیار و نیوێک یان ملیارێک و ٨٠٠ ملیۆن دۆلار دەبێت ساڵانە.
ئێمە کێشەیەکی دیکەمان ھەیە ئەویش داھاتی کارەبایە، ئەگەر لە ساڵێکدا ملیارێک و ٨٠٠ ملیۆن دۆلار لە کارەبا خەرج بکەین ئەوەی کۆمان کردووەتەوە ساڵانە ٢١٠ تا ٢٥٠ ملیۆن دۆلارە، بۆیە زۆرینەی ئەو کارەبایەی بەرھەمی دەھێنین ئەوەیە حکوومەت پاڵپشتیی دەکات و دەدرێت بە ھاووڵاتییان.
- "ھەوڵدەدەین لە رێگەی خۆرەوە کارەبا بەرھەم بھێنین"
ئاژانسی ئانادۆڵو: بەشێک لە ھاووڵاتییان گلەیی ئەوەتان لێدەکەن کە ھەرێم خۆی کارەبای تەواوی نییە کەچی کارەبا بە مووسڵ و شوێنی دیکەش دەدات، ئەمە چۆنە؟
ھۆگر شاڵی: حکوومەتی ھەرێم ئەگەر بیتوانیبایە کارەبا بەرھەم بھێنێت و بیدات بە ھاووڵاتییانی خۆی دەیکرد ئەمە شتێکی روونە، حکوومەت بۆ ئەوەیە خزمەتگوزاری پێشکەشی ھاووڵاتییان بکات، ئەم بابەتە بەمشێوەیەیە؛ ئێمە وەکو وەزارەتی کارەبا بەپێی ئەو گرێبەستەی لەگەڵ وەبەرھێنەراندا ھەمانە ھەر کارەبایەکیش بەرھەم نەھێنین ھەر باجەکەی دەدەین، بۆیە ئێستا دوو کۆمپانیا داوایان کردووە خۆیان سووتەمەنی دابین بکەن کە حکوومەتی ناوەندی بۆیان دابین دەکات بۆ ئەوەی کارەبا لە دوو یەکە لە خورمەڵە و یەکێک لە قەیوان لە بازیان کارەبا بەرھەم بھێنن لەسەر تێچووی خۆیان و دەیدەن بە بەغدا و دەیفرۆشنەوە و ئێمە سوودمەندین لەوەی غەرامەی ئەو یەکانە کە نایدەین، ئێمە لە باجی ئەو یەکانە رزگارمان دەبێت و جگە لەوەش ئێمە پارەیەک وەردەگرین لە بری گواستنەوەی ئەو کارەبا بەو ھێڵانەی ئێمە، لەم حاڵەتەدا حکوومەتی ھەرێم قازانجی کردووە و ئەمە میکانیزمەکەیەتی کە چۆن کارەبا دەدرێت بە شوێنی تر و بەھیچ جۆرێک حکوومەتی ھەرێم ئەگەر بارودۆخی دارایی باش بێت ئەو کارەبایە نادەین و خۆمان سوودی لێوەردەگرین.
ئاژانسی ئانادۆڵو: پڕۆژەکانی وەزارەتی کارەبا بۆ بەرھەمھێنانی کارەبا لە با و لە خۆر چییان لێھات؟، ئەوەی دەزاندرێت چەند شوێنێکی ھەرێمی کوردستانیش تاقیکرانەوە بۆ بەرھەمھێنانی کارەبا بەمشێوەیە؟
ھۆگر شاڵی: ئێمە دیراسەمان ھەیە کە بۆیان کردووین لە رێکخراوە جیھانییەکانەوە، یەکێکیان بەرھەمھێنانی کارەبایە لە با، بەپێی دیراسەکەمان سروشت و ئاووھەوای کوردستان گونجاو نییە بۆ ئەم مەبەستە، چونکە زیاتر ئەم وزەیە لەو وڵاتانە بەرھەمدەھێنرێت کە لەسەر دەریان، ئێمەش لەسەر دەریا نیین بۆیە سەرکەوتوونابێت، ئەوە جگە لەوەی دەبێت جۆرە بایەکی دەوێت کە بەردەوام بێت، بەداخەوە ئێمە ئەمەمان نییە.
ھەرچی پەیوەندیی بەخۆرەوە ھەیە، ئەوا دیراسەمان کردووە و پێویستە حکوومەتی ھەرێم بیر لەمە بکاتەوە و بیریشی لێکردووەتەوە و چەندین کۆمپانیای بیانی داوایان کردووە بۆ ئەوەی کارەبا لە رێگەی خۆرەوە بەرھەم بھێنرێت، ئێمە دیراسەیەکی تەواومان ھەیە بۆ ئەو مەبەستە، بەڵام دوو کێشەیەی گەورەمان لە پێشە، یەکەمیان ئەو کۆمپانیایانە زەمانێکی سیادییان دەوێت لە بەغداوە و لەم بارودۆخەی ئێستای نێوان ھەرێم و بەغدا کەمێک زەحمەتە، دووەمیش ئەو کۆمپانیایانە دەیانەوێت حکوومەتی ھەرێم گەرەنتی ئەوەیان بداتێ دوای بەرھەمھێنانی کارەباکەیان لێ بکڕینەوە و ئەمەش دەبێت وەزارەتی دارایی لێی بکۆڵێتەوە، بەڵام بەگشتی لەبەرنامەی حکوومەتدایە کارەبا لە رێگەی وزەی خۆرەوە ھەوڵ بۆ بەردەستھێنانی بدەین ئەگەر ئەو کۆسپانە نەمان.
- "ھیچ کارەبایەک لە تورکیا ناکڕین و لە ئێرانیش چەند مێگاواتێکی کەمە"
ئاژانسی ئانادۆڵو: ھەرێمی کوردستان کارەبا لە وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت ئێران و تورکیا دەکڕێت؟
ھۆگر شاڵی: لە تورکیا ھیچ ناکڕین، بۆ حاجی ئۆمەران چەند مێگاواتێکی کەممان ھەیە، پێشتر پێنجوین کە سیادی بوو لە ئێرانەوە دەھات ئەوەیان بڕی، چونکە پارەیان نەدابوو، ئێستا کارەبای پێنجوێنیش لە رێگەی تۆڕی نیشتمانییەوە دابین دەکرێت.
ئاژانسی ئانادۆڵو: تێکەڵکردنی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی کارەبا بەکوێ گەیشت؟
ھۆگر شاڵی: تێکەڵکردنی ئەم دوو وەزارەتە پێشنیازێکی باشە لە ھەموو وڵاتانی پێشکەوتوو وەزارەتی وزە ھەیە، بۆیە ئەمە پێویستە و بە شیاوی دەزانم، بەڵام ئەم پڕۆسەیە کاری دەوێت، یاسای وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکان بگۆڕدرێت و شتی دیکەشی دەوێت، ئەمە لەم کاتەدا ناکرێت، بەڵام بۆ کابینەی داھاتوو شتێکی باشە ئەگەر بکرێت و پشتگیریشی ھەیە لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە.
ئاژانسی ئانادۆڵو: پڕۆژەیەک ھەبوو بۆ بەتایبەتکردنی کەرتی کارەبا لە ھەرێمی کوردستان، ئایا ئەم ئاراستەیە باشە؟
ھۆگر شاڵی: تەوەجوھی وەزارەتی کارەبا لە سەرەتاوە ئەوەبوو کە کەرتی کارەبا بەتایبەت بکرێت، ئێستا بەرھەمھێنانی کارەبا نزیکە لەوەی ھەمووی کەرتی تایبەت بێت، دەمێنێتەوە دابەشکردنەکەی کە دەبێت میکانیزمێکی بۆ دابنێن دوای ئەوەی پێوەری زیرەک تەواو دەبێت دەتوانین بەشێوازێک رێکبکەوین لەگەڵ کەرتی تایبەت خۆی دابەشی بکات، بەڵام لەژێر رکێفی حکوومەتدا بێت بۆ ئەوەی نەتوانن نرخی کارەبا زیاد بکەن و دەستکاریی بکەن چۆنیان بوێت، بۆیە دابەشکردنی کارەبا یەکێکە لەو پڕۆژانەی دەمانەوێت بیدەین بەکەرتی تایبەت، بەڵام بەو شێوەیەی ھاووڵاتی زیان نەکات.
ئاژانسی ئانادۆڵو: قەیرانی دارایی چی کاریگەرییەکی خراپی لەسەر کەرتی کارەبا و پڕۆژەکانی ئێوە داناوە؟
ھۆگر شاڵی: ھەموو وەزارەت و کەرتێک پشکێکی بەرکەوتووە لە کاریگەرییەکانی قەیرانی دارایی، بەڵام وەزارەتی کارەبا زیاتربووە، ئێمە بەپێی ماستەرپلانی وەزارەت بڕیار بوو تا ساڵی ٢٠٢٠ ببین بەخاوەنی تۆڕێکی کارەبای نیشتمانی ٤٠٠ KV کە بازنەیەک بێت ھەموو کوردستان پێکەوە ببستێتەوە بۆ ئەوەی کێشەی گواستنەوەی کارەبامان نەمێنێت، ھەروەھا چەندین وێستگەی ناوەندیی ٤٠٠ KV مان ھەبێت، بەڵام ئەمانە بە ھۆی قەیرانی داراییەوە جێبەجێ نەکران، ئەمەش زیانی زۆری لە سیستەمی کارەبا و نەبوونی کارەبای ٢٤ کاتژمێری داوە، ھەروەھا نەمانتوانیوە گازوایل بۆ یەکەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا بکڕین و نەمانتوانی ئەو مەوادانەی پێویستە بیانکڕین، بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا حکوومەتی ھەرێم بە بەردەوامی و جەنابی سەرۆکی حکوومەت و جێگرەکەشی ھەر پارەیەک دەست کەوتبێت پشکێکیان داوە بە کەرتی کارەبا بۆ ئەوەی کارەبا لەم ئاستە بمێنێتەوە، ئەگەر وا نەبا ھەرچەندە لێی رازی نیین کارەبا لەم ئاستەش نەدەبوو کە ئێستا ھەیە.
news_share_descriptionsubscription_contact

