Abdel Ra'ouf D. A. R. Arnaout
03 حوزەیران 2024•نوێکردنەوە: 04 حوزەیران 2024
قودس ــ AA
ئەمڕۆ دووشەممە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاھو و وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل، ئیتمار بن غەفیر کۆدەبنەوە کە لە میانیدا گرێبەستی ئاڵوگۆڕی دیلەکان و ئاگربەست لە کەرتی غەززە، تاوتوێ دەکەن.
ئەمەش دوای ئەوە دێت ڕۆژی ١ی ئەم مانگە، سەرکردەی پارتی ئۆتزما یەھودیت (پارتی ھێزی یەھودی) و وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل، ئیتمار بن غەفیر لەگەڵ وەزیری دارایی ئیسرائیل، بێزالیل سمۆتریچ ھەڕەشەی ئەوەیان کردبوو، ئەگەر بنیامین ناتانیاھو ڕەزامەندی نیشان بدات لەسەر ئەو گرێبەستەی کە سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن بۆ ئاگربەست لە غەززە رایگەیاندووە، ئەوە لە حکوومەتی ئیسرائیل دەکێشێنەوە.
ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل بڵاوی کردەوە کە ئەمڕۆ دووشەممە، بنیامین ناتانیاھو و ئیتمار بن غەفیر کۆدەبنەوە کە لە میانیدا گرێبەستی ئاڵوگۆڕی دیلەکان و ئاگربەست لە کەرتی غەززە، تاوتوێ دەکەن.
ھەروەھا ڕاشیگەیاندووە کە ھەر ئەمڕۆ سەرکردە و ئەندامانی پارتی ئۆتزما یەھودیت (پارتی ھێزی یەھودی) بۆ تاوتوێ کردنی پێشھاتەکانی ئاگربەست لە غەززە کۆدەبنەوە.
تا ئێستا حکوومەتی ئیسرائیل، بە ڕوونی ھەڵوێستی خۆی لەبارەی ئەو گرێبەستەی ڕانەگەیاندووە کە لەلایەن جۆ بایدنەوە سەبارەت بە ئاگربەست لە غەززە، پێشنیازی کردووە.
ڕۆژی ٣١ی مانگی ڕابردوو سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن ڕایگەیاندبوو، وڵاتەکەی پاڵپشتی لەو پێشیازە دەکات کە لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززە پێشکەش کراوە و پێشنیازەکەش سێ قۆناغ لەخۆدەگرێت کە بریتیین لە وەستاندنی شەڕ لە غەززە، ئازادکردنی سەرجەم بەدیلگیراوەکان و دووبارە ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە.