Emre Aytekin
05 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 05 ئەیلوول 2022
پەکین ــ AA
بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، بوومەلەرزەیەک بەگوڕی ٦،٨ پلە بەپێوەڕی رێختەر، ھەرێمی سیچوان باشووری خۆرئاوای چینی ھەژاند.
سەنتەری تۆڕەکانی بوومەلەرزە لە چین، راگەیەندراوێکی لەسەر بوومەلەرزەکە بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە بوومەلەرزەکە کاتەکانی نیوەڕە بە کاتی چین لە پارێزگای گانزی تیبتی ئۆتۆنۆمی خۆرئاوای ویلایەتەکە روویداوە.
ھەر بەپێی راگەیەندراوەکە، بوومەلەرزەکە بەقوڵایی ١٦ کیلۆمەتر روویداوە کە چەقەکەی نزیکەی ٣٩ کیلۆمەتر لە قەزای لودینگەوە دوورە.
بەگوێرەی میدیای چین لە قەزای لودینگەوە ٣٠ و لە ناوچەکانی دەوروبەرەوە ٥٣٠ کارمەندی تیمی رزگاری رەوانەی ناوچەکە کراون.
لە کاتێکدا هێشتا زانیاری لەبارەی زیانە گیانییەکان بڵاو نەکراوەتەوە، لەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە ئینتەرنێتدا بڵاوکراونەتەوە، نیشان دەدرێت کە بوومەلەرزەکە زیانی ماددیی لێکەوتوەتەوە.