Azad Muhemmed
26 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 29 تشرینی دووەم 2016
بةردةرةش
لە چوارچێوەى سەرکۆنەکردنى تیرۆرکردنى مامۆستا هۆشیار ئیسماعیل پێشنوێژ و وتار خوێنى مزگەوتى عومەر بندیان، ئەمڕۆ لە گوندى کەونەباکى سەربە شارۆچکەى بەردەڕەش لە گردبوونەوەیەکى جەماوەریى بە ئامادەبوونى خانەوادەى مامۆستا هۆشیار ئیسماعیل لەسەر گۆڕى تیرۆرکراو، کردەوە تیرۆریستییەکە بە توندى ئیدانە کرا و داواشکرا بە زووترین کات ئەنجامدەرانى تاوانەکە ئاشکرا بکرێن و بدرێنە دادگا.
لە گردبوونەوەکەدا کە لەسەر گۆڕى مامۆستا هۆشیار ئیسماعیل ئەنجامدرا، بەرپرسانى حکوومى و حزبى و سەرۆک هۆزە جیا جیاکان و هاووڵاتییان بە بەرزکردنەوەى دروشم و لە ئامێز گرتنى وێنەکانى مامۆستای تیرۆرکراو وگوتنەوەى دروشمى جۆراوجۆر دەنگییان خستە پاڵ دەنگى خانەوادەى مامۆستاى تیرۆر کراو و داوایانکرد ئەو دەستە چەپەڵە و دڵە رەشە لەناو ببرێت و پەرە نەسەنێت و نەبێتە هۆى ناسەقامگیرى هەرێمى کوردستان و نانەوەى پشێوى لەسەر گیانى هاووڵاتییان.
لە میانى بەڕێوەچوونى گردبوونەوەکەدا براى مامۆستاى هۆشیار، کەمال ئیسماعیل لە گوتارێکدا رایگەیاند: "لە کاردانەوەکانى کردەوە تیرۆریستییەکەى تیرۆرکردنى مامۆستا هۆشیار ئیسماعیل بۆ ئێمەى کەس و کارى مامۆستا هۆشیار دەرکەوت، کە مامۆستاى تیرۆرکراو لە هەموو هاووڵاتییانى میانڕەوى هەرێمى کوردستان و جیهان چووە، نەک تەنها لە ئێمە. ئەو هاوخەمییەى هەموو چین و توێژەکان خەمى لە دەستدانى ئەو کەڵە پیاوەیان بۆ ئێمە کەمکردەوە و سوپاسى هەموو هاووڵاتییان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ هاوخەمیان لەگەڵ ئێمەدا".
هەر لە گوتارەکەیدا ئاماژەى بەوەکرد لە بەرەکانى جەنگەوە پێشمەرگەکان لە پەیوەندى بەردەوامدان و هاوخەمى خۆیان دەردەبڕن و ئیدانەى تیرۆرکردنى مامۆستا هۆشیار ئیسماعیل دەکەن، ئێمەیش بەو پەڕى رێزەوە ستایشى خەبات و هەڵوێستە مەردانەکانى پێشمەرگە دەکەین و خۆمان بە قەرزاریان دەزانین.
لە بەشێکى دیکەى گوتارەکەى براى مامۆستا وشیار گوتى: "جگە لەوەى لە سەرتاسەرى هەرێمى کوردستان پرسە دانراوە هاوخەمى دەردەبڕن، لە تورکیاشەوە وەک وڵاتێکى دراوسێ بە دەنگى گریاناوییەوە پەیوەندییان بە ئێمەوە کردووە کە پرسەیان لە چەند شار و شارۆچکەیەک داناوە، ئەمە بۆ ئێمە دڵنەواییەکى گەورەیە و نازانین بە چ زمانێکى شرین سوپاسی هەموو لایەک بکەین".
دواتر برایەکى دیکەى مامۆستا هۆشیار بەناوى دیار گۆران تایبەت بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "نیگەرانین لەو پارت و لایەنە سیاسى و کەناڵانەى کار دەکەن بۆ بە سیاسى کردنى کەیسى تیرۆرکردنى مامۆستا هۆشیار ئیسماعیل، داواکارین چیدیکە پشت بە گوتە و ئەرشیفى بێ بنەما نەبەستن بۆ بەجێگەیاندنى مەبەستى سیاسى خۆیان، ئەو هەوڵەى کەناڵ و لایەیەنى سیاسى دیاریکراو بەهیچ شێوەیەک خزمەت بە کەیسى تیرۆرکردنى مامۆستا وشیار ناکات".
گوتیشى: "ئاسایشى هەرێم سەرەداوى باشى دەست کەوتووە و لە پەیوەندى بەردەوام داین پەنا بەخودا ئەنجامدەرانى کردەوە تیرۆریستییەکە دەستگیر دەکرێن و بە سزاى دادپەروەرانەى خۆیان دەگەن، تۆمەت بۆ هیچ کەس و لایەنێک هەڵنابەستینەوە چاوەڕوانى هەوڵى ئاسایش و بڕیارى دادگا دەکەین، بۆ ئێمەش گرنگە کەیسەکە زوو یەکلایی ببێتەوە".
مامۆستا هۆشیار ئیسماعیل پێشنوێژ و وتارخوێنى مزگەوتى حاجى عومەر بندیان لە شارى هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان، لە شەوى ٢٢-٢٣ /١١/ ٢٠١٦ لە بەر دەرگاى ماڵەکەى خۆیدا تیرۆرکرا، تیرۆرکردنى ئەو کەسایەتییە ئایینە کاردانەوەى گەورەى بەدوای خۆیدا هێنا کاردانەوەکانیش تا ئەمڕۆ لە شار و شارۆچکەکانى هەرێمى کوردستان بەردەوامن .