Ramal Mahmood
08 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 10 ئەیلوول 2016
- پاڵێوراوی پارتی کۆماری بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند کە لە ئەگەری بوونی بە سەرۆکی ئەمریکا، خەرجی سەربازی و ژمارەی سەربازانی سوپا زیاد دەکات.
- ٨٨ جەنەراڵ و ئەدمیراڵی خانەنشین لە سوپای ئەمریکا پشتگیریی خۆیان بۆ ترەمپ راگەیاند.
پاڵێوراوی پارتی کۆماری بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند کە لە ئەگەری بوونی بە سەرۆکی ئەمریکا، خەرجی سەربازی و ژمارەی سەربازانی سوپا زیاد دەکات.
ترەمپ لەمیانی بانگەشەی هەڵبژاردن لە شاری فیلادیلفیا سەربە ویلایەتی میزۆری ناوەڕاستی ئەمریکا لەبارەی سیاسەتی بەرگرییەوە دوا و ئاماژەی بەوەدا کە ئەگەر ببێتە سەرۆکی ئەمریکا کارەکانی بە سەرلەنوێ بونیاتنانەوەی سوپا و زیادکردنی بوودجەی بەرگری دەست پێدەکات. داواشی کرد بۆ چاودێریکردنی دوورمەودای راوێژکارانی بەرگری، بوودجە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی تەرخان بکرێت. ئاماژەی بەوەش دا کە ژمارەی سەربازانی سوپا زیاد دەکات و گوتیشی: "سوپاکەمان سەرلەنوێ بونیات دەنێینەوە".
داواشی کرد لە وڵاتانی ناتۆ بوودجەی زیاتر دابین بکەن لە بواری ئەمنیدا، بانگەشەی ئەوەشی کرد کە لەسەردەمی سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا، بیل کلینتۆن و سەرۆک باراک ئۆباما خەرجی سەربازی بەپێی پێویست تەرخان نەکراوە.
- "ئەمریکا لەژێر هەڕەشەی هێرشی مووشەکیدایە"
ترەمپ بە خستنەڕووی ئەوەی گەشەی زیاتر بە سیستەمی بەرگری مووشەکی دەدات و بەرەو پێشی دەبات، گوتی: "ئەمریکا لەژێر هەڕەشەی هێرشی مووشەکیدایە". ئاماژەی بەوەشدا سوپای مۆدێرن و پێشکەوتوو لە پەنجا ویلایەتی ئەمریکا ئەرکیان پێ دەسپێردرێت.
ترەمپ باسی هێرشەکانی سایبەر (ئەلیکترۆنی)ی کرد بۆسەر ئەمریکا و گوتی: "(پاڵێوراوی پارتی دیموکرات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا)، هیلاری کلینتۆن پێی سەلماندین کە چەند لاوازین بەرامبەر هێرشی سایبەر".
هەروەها باسی لەوە کرد کە رەوشی خانەنشینانی سەربازی و ئەو سەربازانەی لەکاتی جەنگ ئەندامێکی جەستەیان لەدەستداوە باش نییە و هیچ کاتێکیش ناهێڵێت لە رەوشی ناخۆش و خراپدا بژین و گوتی: "ئەوانەی ئێمەیان پاراست، دەیانپارێزین".
- داگیرکردنی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
ترەمپ رەخنەی لە بڕیاری داگیرکردنی عێراق لەلایەن سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، جۆرج دەبیلیو بۆش لە ساڵی ٢٠٠٣دا گرت. و بانگەشەی ئەوەی کرد کە کلینتۆن لە ئەنجوومەنی پیران دەنگی دا بە داگیرکردنی عێراق و گوتی: "شوێنەواری کلینتۆن لە عێراق، لیبیا و سووریا تەنها بەرهەمهێنانی شەڕو ئاژاوە و ئازارو مەرگ بووە. بەهۆی سیاسەتە هەڵەکانی ئەو ملیۆنەها کەس لە ماڵ و حاڵی خۆیان بوون. دواتریش بەبێ هیچ پلانێک و ئامادەسازییەک بانگهێشتی پەنابەرانی کرد بۆ رۆژئاوا".
لەبارەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشەوە ترەمپ گوتی: "لەسەردەمی ئیدارەی ترەمپدا سیاسەتەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گونجاو و لەجێی خۆیدا دەبن".
گوتەکانیشی بەوە کۆتایی پێهێنا کە لەسەردەمی ئەودا ئەمریکا بەهێزتر و ئارام و سەقامگیرتر و مەزنتر دەبێت.
هاوکات ٨٨ جەنەراڵ و ئەدمیراڵی خانەنشین لە سوپای ئەمریکا پەیامی پشتگیریی خۆیان بۆ ترەمپ راگەیاند لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکادا.
پاڵێوراوی پارتی کۆماری بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لەساڵی ٢٠٠٨ کە پێشتر فڕۆکەوانێکی جەنگی بوو، سیناتۆر جۆن مەککین، ٣٠٠ جەنەراڵ و ئەدمیراڵ پشتگیرییان کردبوو، هەروەها پاڵێوراوی هەمان پارت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لەساڵی ٢٠١٢دا، میت رومینی زیاتر لە ٣٠٠ جەنەراڵ و ئەدمیراڵ پشتگیرییان کردبوو.