Şerife Çetin,Ahmet Kartal
11 تشرینی دووەم 2024•نوێکردنەوە: 11 تشرینی دووەم 2024
نیویۆرک ــ AA
ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاوی کردەوە کە سەرۆکی ھەڵبژێردراوی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا داوای لە سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمیر پوتین کردووە کە پەرە بە شەڕ نەدات لە ئۆکراینا.
ڕۆژنامەکە پشت بەستن بە چەند سەرچاوەیەک بڵاوی کردووەتەوە کە ڕۆژی پێنجشەممەی ھەفتەی ڕابردوو، دۆناڵد ترەمپ پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین، ئەنجامداوە.
باسی لەوەش کردووە کە لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکدا، دۆناڵد ترەمپ ئەوەی بە بیری ڤلادیمیر پوتین ھێناوەتەوە کە ئەمریکا ھێزی سەربازیی زۆری لە ئەورووپا جیگیرکردووە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو ھەر لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، دۆناڵد ترەمپ داوای لە ڤلادیمیر پوتین کردووە کە پەرە بە شەڕ نەدات لە ئۆکراینا.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاندبوو، ئەگەر بە سەرۆکی ئەمریکا ھەڵبژێردرێتەوە، ئەوا کۆتایی بە شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا دەھێنێت.