Fuat Kabakcı,Aladdin Mustafaoğlu
11 تشرینی دووەم 2024•نوێکردنەوە: 13 تشرینی دووەم 2024
ئەنقەرە ــ AA
وەزارەتی وزە و سامانە سروشتییەکانی تورکیا ڕەتیکردەوە کە نەوت لە بەندەری جەیھانەوە گوازربێتەوە بۆ ئیسرائیل و ڕایگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی کە لەوبارەیەوە بڵاوبوونەتەوە، بێ بنەمان و دوورن لە ڕاستییەوە.
وەزارەتەکە لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداو، ھێڵی بۆری گواستنەوەی نەوتی خاوی "باکو-تبلیس-جەیھان" بە پێی ئەو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەی کە لە ١٨ی تشرینی دووەمی ١٩٩٩ لە نێوان تورکیا، ئازەربایجان و جۆرجیا واژوو کراوە، کاردەکات.
ڕاشیگەیاندووە کە بەشی تورکیا لە ھێڵەکە، لەلایەن کۆمپانیای "Botaş International" بەڕێوە دەبرێت، ئەوەش لەچوارچێوەی ئەو رێککەوتنەی کە لەنێوان ھاوبەشەکاندا واژوو کراوە.
ڕوونیشیکردووەتەوە کە کۆمپانیای "Botaş International"، ھیچ پەیوەندییەکی کڕین و فرۆشتنی نەوتەوە نییە.
ھەروەھا وەزارەتی وزە و سامانە سروشتییەکانی تورکیا ڕەتیکردووەتەوە کە نەوت لە بەندەری جەیھانەوە گوازرێتەوە بۆ ئیسرائیل و ڕایگەیاندووە، ئەو دەنگۆیانەی کە لەوبارەیەوە بڵاوبوونەتەوە، بێ بنەمان و دوورن لە ڕاستییەوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەو کۆمپانیایانەی کە لە ڕێگای بۆری باکو-تبلیسی-جەیھان و لە بەندەری حەیدەر عەلییڤەوە بۆ بازاڕەکانی جیھان دەگوازنەوە ڕێزیان لە بڕیاری تورکیا گرتووە سەبارەت بە کۆتاییھێنان بە مامەڵەی بازرگانیی لەگەڵ ئیسرائیل، بۆیە ھیچ بڕە نەوتێک نەگواستراوەتەوە بۆ ئیسرائیل.