22 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 22 ئادار 2020
واشنتۆن - AA
راوێژکاری رۆژنامەوانی جێگری سەرۆکی ئەمریکا، کاتی میلەر لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ئەنجامی پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێی جێگری سەرۆکی ئەمریکا، مایک پێنس و هاوسەرەکەی کارن پێنس-ی بڵاوکردەوە.
کاتی میلەر لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی: "خۆشحاڵین بەوەی تێستی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) بۆ جیگری سەرۆکی ئەمریکا مایک پێنس و هاوسەرەکەی کارن پێنس نێگەتیف بووە".
ئەمەش دوای ئەوە هات کە دوێنێ مایک پێنس لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا ئەوەی ئاشکرا کرد یەکێک لە کارمەندەکانی نووسینگەکەی تووشی کۆرۆنا بووە و گوتی: "ئەو کارمەندە لە رۆژی دووشەممەوە نەهاتووەتە سەر کار. لەئێستاشدا رەوشی تەندروستی زۆر باشە. هەرچەندە بەریەککەوتنی نزیکم لەگەڵی نەبووە، بەڵام ئەمڕۆ من و هاوسەرەکەشم پشکنین دەکەین".
ئەمە لە کاتێکدایە بەپێی ئەو زانیارییانەی زانکۆی جۆنس هۆپکینس بڵاویکردووەتەوە تا ئێستا، ۱۹ هەزار و ٦۲٤ حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە ئەمریکا تۆمارکراوە و ۲٦۰ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.