Gamze Türkoğlu Oğuz
06 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 07 تشرینی یەکەم 2022
ئەنقەرە - AA
ژنە نووسەری فەڕەنسی، ئانی ئێرنۆ خەڵاتی نۆبڵی ٢٠٢٢ بۆ ئەدەبیات پێ بەخشرا.
لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەی کە لە ئەکادیمیای شاهانەی زانستی سوید بەڕێوەچوو، راگەیەندرا کە خەڵاتەکە بەخشراوەتە نووسەری فەڕەنسی، ئانی ئێرنۆ بەرامبەر بەو "بوێری و هەستیارییەی نیشانیداوە لە ئاشکراکردنی رەگ و نامۆبوون و سنووردارکردنی بەکۆمەڵی یادەوەری کەسیی".
ئاماژە بەوەش کرا کە رێگەی ئێرنۆ لە بواری نووسیندا درێژ و سەخت بووە و ناوبراو لە نووسینەکانیدا بە بەردەوامی لە جۆرە ژیانێک دەکۆڵێتەوە کە جیاکراوەوە بە نایەکسانی لە رەگەز، زمان و چینایەتی.
- دەربارەی ئانی ئێرنۆ
ئانی ئێرنۆ لە ساڵی ١٩٤٠ لە شارەدێی ئیڤێتۆ لە فەڕەنسا لەدایکبووە و هەر لەوێش گەورەبووە.
ئێرنۆ بەهۆی ئەوەی هەر لە تەمەنی منداڵییەوە کەسێکی "هەژار بەڵام ئاواتخواز" بوو لە نووسینەکانیدا بە بەردەوامی لە جۆرە ژیانێکی کۆڵیوەتەوە کە جیاکراوەوە بە نایەکسانی لە رەگەز، زمان و چینایەتیدا.
ئەو پێی وایە کە نووسین کردەیەکی پۆلیتیکییە و چاوی خەڵک بەڕووی نایەکسانی کۆمەڵایەتییدا دەکاتەوە.
بەناوبانگترین بەرهەمی ئەو، Les annees (The Years) بوو کە بووە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکاری ئەدەبی لە خۆی کۆبکاتەوە. ئەم بەرهەمە بە "یەکەم ژیاننامەی بەکۆمەڵ" ناوزەند کرا.