Mehmet Tosun
07 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 07 تشرینی یەکەم 2022
پراگ-AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند: "تورکیا چاوی لە خاک، سەروەریی، ماف و بەرژەوەندیی ھیچ وڵاتێک نییە. تەنھا خەبات لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەمان و تورکەکانی قوبرسدا دەکەین".
رەجەب تەیب ئەردۆغان دوای بەشدارییکردنی لە کۆبوونەوەی کۆمەڵگەی سیاسیی ئەورووپا کە لە پراگ پایتەختی چیک بەڕێوەچوو، لە قەڵای پراگ کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی سازکرد.
ئەردۆغان خۆشحاڵی دەربڕی بە بەشدارییکردن لە کۆبوونەوەی کۆمەڵگەی سیاسیی ئەورووپادا.
سەرکۆماری تورکیا لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا، نیکۆڵ پاشینیان، رایگەیاند: "کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا، بەڕێز پاشینیان ھەبوو. لە دڵەوە باوەڕم وایە دەتوانین بگەینە ئاساییکردنەوەی تەواو لەسەر بنەمای پەیوەندی دراوسێیەتی باش لە ناوچەکەمان".

رەجەب تەیب ئەردۆغان ھەر لەو بارەیەوە رایگەیاند: "ھەندێک داواکاریی بوونە جێگەی باس. وەزیرانی دەرەوەمان و نێردە تایبەتەکانمان کۆدەبنەوە و بەپێی ئەنجامەکان ھەنگاو دەھاوێژین".
لەبارەی ئاساییکرنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەرمینیاش، ئەردۆغان رایگەیاند: "پێشمەرجمان نییە. کەی لەگەڵ ئازەربایجان رێککەوتننامەی ئاشتیتان کرد، ھیچ زبرییەکان لەگەڵ ئێمە نامێنێت. دەمانەوێت ھەرچی زووە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا-ئەرمینیا-ئازەربایجان گەرم ببنەوە و ئەم کارە چارەسەر بکەین".
سەرکۆماری تورکیا لەبارەی یەکێتیی ئەورووپاوە دوا و رایگەیاند: "لە زاڵبوون بەسەر ھەڕەشانەی یەکێتیی ئەورووپا بەرەوڕووی بووەتەوە و لەپێناو سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی رۆڵی یەکێتییەکە لە جیھاندا، جێگەی تورکیا ناتوانرێت پڕبکرێتەوە".
لەبارەی کۆمەڵگەی سیاسیی ئەورووپاش، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند: "جەختمان لەوە کردەوە کە ھەرگیز قبوڵی ناکەین ئەم پلاتفۆرمە لێڵی بخاتە سەر پێواژووی ئەندامێتییمان".
گوتیشی: "تیشکمان خستەسەر ئەوەی کە ئاستەنگەکانی خراونەتە بەردەم تورکیا دادپەروەرانە نین و جگە لەوەش ئەم دۆخە زیانی بە بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی ئەورووپا گەیاندووە".
ئەردۆغان ھەروەھا رایگەیاند: "ئەو پێشھاتانەی روودەدەن ئەو راستییە دەخەنە بەرچاو کە تورکیا بۆ یەکێتییەکە و بۆ ئەورووپا وڵاتێکی ئێجگار گرنگە".
لەبارەی چاوەڕوانییەکانیان لە یەکێتیی ئەورووپاش، رایگەیاند: "چاوەڕوانین یەکێتی ئەورووپا بێ ئەوەی رادەستی بەرژەوەندی ھەندێک وڵات ببێت، پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا لەسەر بنەمای روانگەی ئەندامبوون بەرەو پێشەوە ببات. چاوەڕوانی بنەڕەتی و لەپێشینەمان ئەوەیە کۆمەڵگەی سیاسیی ئەورووپا پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا بەھێزبکات و رۆڵی لە ئەندامبوونماندا ھەبێت".
سەبارەت بە رۆڵی یەکێتییەکەش لەبارەی گرژییەکانی نێوان تورکیا و یۆنان، سەرکۆماری تورکیا گوتی: "چاوەڕێ دەکەم یەکێتیی ئەورووپا لەجیاتی پشتیوانییکردن لە ھەوڵی نایاسایی لەژێر ناوی ھاوپشتیی یەکێتییەکەدا، بانگێشتی موخاتەبەکانمان بکات بۆ دیالۆگ".
گوتیشی: "نەک تەنھا بۆ یۆنان، بەڵکو ھەر وڵاتێکی تر کە ھێرش بکاتە سەرمان، وەڵاممان بۆی ئەوە دەبێت کە 'شەوێک لەناکاو دێین'. پێویستە ئەمە بەوشێوەیە بزانن".
رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند: "تورکیا چاوی لە خاک، سەروەریی،ماف و بەرژەوەندیی ھیچ وڵاتێک نییە. تەنھا خەبات لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەمان و تورکەکانی قوبرسدا دەکەین".
گوتیشی: "تاکە کلیلی چارەسەر بریتییە لە یەکسانیی سەروەریی تورکەکانی قوبرس و تۆمارکردنی پێگەی یەکسانی نێودەوڵەتییان. لەپێناو چارەسەری ھەمیشەیی پێویستە راستییەکانی دوورگەکە دانی پێدابنرێت".
لەبارەی جەنگی ئۆکراینا-رووسیاشەوە، سەرکۆماری تورکیا رایگەیاند: "ھێندەی گۆڕینەوەی دیلەکان، گرنگی بە دانەوێڵە و پەینیش دەدەین. سبەی لەگەڵ بەڕێز پوتین پەیوەندیی تەلەفۆنیمان دەبێت، ئەم بابەتانە تاوتوێ دەکەین".
گوتیشی: "بەردەوامیی گواستنەوەی دانەوێڵە لە قۆناغی ئایندەدا، لە بەرژەوەندیی جیھان و ئەورووپایە و لەسەروویانەوە لە بەرژەوەندیی گەلی ئۆکراینایە".
لەبارەی راوبۆچوونیان لەبارەی سوید، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند: "تا ئەو کاتەی لە سوید رێپێوانی رێکخراوە تیرۆریستییەکان بەردەوام بێت و لە پەرلەمان ئەو تیرۆریستانە ھەبن، روانینی ئێمە بۆ سوید ئەرێنی نابێت".
سەبارەت بە ئەگەری کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی سووریا، بەشار ئەسەد، ئەردۆغان رایگەیاند: "کە کاتی ھات رەنگە لەگەڵ سەرۆکی سووریاش کۆببینەوە. لە ئێستادا لە ئاستی خوارەوە کۆبوونەوەکان بەڕێوەدەچن".