Muhammet Ali Kemal
06 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 07 کانوونی دووەم 2017
سکرتێری گشتیی پەرلەمانی سووریا، خالید عەبود، دانی بەوەدا نا کە دەزگای هەواڵگریی رژێمی وڵاتەکەی دزەی کردووەتە نێو رێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە و ئاراستەی کردوون. عەبود بەشێوەیەکی ناراستەوخۆ هەڕەشەی لە ئەنقەرە کرد و بانگەشەی ئەوەیکرد چالاکییەکانی داعش لەتورکیا تەنها لەرێگەی هاریکارییکردنی رژێمی سووریاوە دەکرێت بوەستێنرێت.
خالید عەبودی کە سکرتێری گشتیی پەرلەمانی سووریایە و پەرلەمانەکەش لەژێر هەیمەنەی حزبی بەعسدایە، لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ''تەلەڤزیۆنی سووریا'' کە یەکێکە لە کەناڵەکانی سەربە رژێم، پەیوەندییەکانی نێوان رژێمی سووریا و رێکخراوی تیرۆریستیی داعشی ئاشکراکرد.
عەبود کە وەک یەکێک لەکەسایەتییەکانی نزیک ئەسەد ناسراوە، رایگەیاند:
''پرسیارێکت لێدەکەم، داعش لەکوێیە، نوسرا لەکوێیە؟ گرووپە جیهادییەکانی دیکە لەکوێن؟ بەدڵنیاییەوە لەدەورووبەری دیمەشقن. باشە ئەی بۆچی لە دیمەشق تەقینەوە روونادات؟ بۆچی لەژمارەیەک پارێزگای تورکیا تەقینەوە ئەنجامدەدرێت؟ من ئەم بابەتەم پێشتریش بۆ ئێوە باسکردووە. دەزگاکانی ئاسایش و هەواڵگریی سووریا توانی دزەبکاتە نێو ئەم گرووپانەوە. هیچ کەسێک ناتوانێت ئەو رووداوانە رابگرێت کە لەتورکیا روودەدەن. تەنها یەک رێگەی هەیە. ئەگەر بێتو لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی سووریادا هاریکاریی بکرێت، ئەوا رێگریی لێدەکرێت. تەماشای ئەو هێرشانە بکە کە دەکرێنە سەر هێزە ئەمنییەکانی ئوردن. حکوومەتی سووریا خاوەنی زانیاریی زۆرە سەبارەت بەو رووداوانەی لەهەریەک لە ئوردن و تورکیا روودەدەن''.
رێکخراوی تیرۆریستیی کە ژمارەیەکی زۆر کردەوەی تیرۆریستیی لەتورکیا ئەنجامدەدات، لەدوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوراتەوە لە 24ی ئابی 2016دا، هێرشەکانی بۆ سەر تورکیا زیادیکردووە.