25 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 26 نیسان 2020
بەلجیکا - AA
هەر یەک لە نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، جۆسێپ بۆرێل و وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا و ئیتاڵیا داوایان کرد کە لەگەڵ سەرەتاکانی مانگی رەمەزاندا، دەکرێت ئاگربەستی مرۆیی لە لیبیا رابگەیەندرێت.
ئەو بەرپرسانەی ئەورووپا راگەیەندراوێکی هاوبەشەیان سەبارەت بە رەوشی لیبیا بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوە هاتووە "پالپشتی لە بانگەوازەکەی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتیرێس و نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لیبیا، ستیفانی تۆرکۆ ویڵیامز دەکەین کە داوایان کردووە لە سەرەتاکانی مانگی رەمەزان، ئاگربەست لە لیبیا رابگەیەندرێت".
ئاماژە بەوەیشدراوە کە پێشهاتەکانی ئەم دواییەی لیبیا، مەترسییەکانی زیادکردووە راگەیەندراوە "لەبەر ئەوە داوا لە سەرجەم لایەنەکانی لیبیا دەکەین لەسەر بنەمای رەوشنووسی رێککەوتنی لیژنە سەربازییەکە کە لە ٢٣ی مانگی ئابی رابردوو داندراوە، دەست بە دانوستانی ئاشتی بکەنەوە لەپێناو گەیشتن بە ئاگربەستێکی راستەقینە".
هەر لە راگەیەندراوەکەدا داوا لە سەرجەم لایەنەکان کراوە کە هەوڵەکانیان یەک بخەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ.
لە کۆتاییدا بە بۆنەی هاتنی مانگی رەمەزانەوە، ئەو بەرپرسانەی ئەورووپا پیرۆزباییان لە لیبییەکان کردووە.