Zana Natık Kerem
05 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 06 تشرینی یەکەم 2021
ھەولێر ــ AA
راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، قاسم ئەعرەجی و باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغدا، مارک برایسۆن چۆنیەتی پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵاتیان تاوتوێ کرد.
نووسینگەی راگەیاندنی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ سێشەممە، قاسم ئەعرەجی پێشوازیی لە مارک برایسۆن کردووە.
بەپێی راگەیەندراوەکە لە دیدارەکەدا، چۆنیەتی پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و بەریتانیا تاوتوێ کراوە و لەوبارەیەوە قاسم ئەعرەجی راگەیاندووە کە عێراق ھەوڵدەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەریتانیا لە سەرجەم بوارەکاندا پتەوتر بکات، ھەروەھا ستایشی رۆڵی ئەرێنی بەریتانیای کردووە بۆ پاڵپشتیکردن لە سەقامگیری ناوچەکە.
باس لەوەشکراوە کە لای خۆیەوە باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغدا، مارک برایسۆن لە دیدارەکەدا خۆشحاڵی بە دانوستانەکانی ئێستای نێوان ئێران و سعوودیە نیشانداوە و ئومێدی کردووە کە دانوستەکان فراوان بێت و سەرجەم وڵاتانی ناوچەی کەنداو بگرێتەوە، بۆ ئەوەی ببێتە مایەی دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە لە میانی دیدارەکەدا، باس لە چۆنیەتی پتەوترکردنی ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان عێراق و بەریتانیا کراوە لە بوارەکانی رۆشنبیری و ئابووریی، ھەواڵگریی سەربازیی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا.
ئاماژە بەوەیشدراوە کە دۆسیەی ئاوارەکان و ھەڵبژاردنەکانی عێراق خراونەتە بەرباس و لەوبارەیەوە جەختکراوەتە لەسەر گرنگی سەرخستنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق وەک دەستکەوتێکی نیشتمانیی کە عێراقییەکان چاوەڕوانی دەکەن.