Rewa Mahmut Hasan
06 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 08 نیسان 2017
رووسیا رۆژئاوای قودسی وەک پایتەختی ئیسرائیل ناساند و لەو بڕوایەشدان کە دەبێت لەداهاتوودا رۆژهەڵاتی قودس بکرێتە پایتەختی دەوڵەتی فەڵەستین.
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە راگەیەندراوێکیدا ئاماژەی بەوەداوە کە وڵاتەکەیان پانەبد دەبێت بە پرەنسیپەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە قۆناغی ئیسرائیل-فەڵەستین دەڵێت" هەر لەژێر رۆشنایی ئەو پرەنسیپانەشدا لەوا بڕوایەداین کە دەبێت لە داهاتوودا رۆژهەڵاتی قودس بکرێتە پایتەختی دەوڵەتی فەڵەستین، هەروەک ئێستاش رایدەگەیەنین کە رۆژئاوای قودس وەک پایتەختی ئیسرائیل دەناسێنین .
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا نیگەرانی خۆی دەربڕیوە بەرامبەر بەو گرژیانەی ئیسرائیل و فەڵەستین کە ماوەی سێ ساڵە هیچ جۆرە راوێژێکی سیاسیان ئەنجام نەداوە و دۆخەکەش تادێت خراپتر دەبێت.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە رووسیا چارەسەرکردنی کێشەیی فەڵەستین و ئیسرائیل لەرێگەی دامەزراندنی دوو دەوڵەتەوە، بە گونجاوترین رێگە دەزانێت بۆ چارەسەریی.
ئەم راگەیەندراوە لەکاتێکدا دێت کە سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا بەڵێنی دابوو کە باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە تەلئەبیبەوە بگوازێتەوە بۆ قودس و فەڵەستینیەکانیش ئەم هەنگاوەیان بەوە وەسف کرد کە ئەمریکا قودسی وەک پایتەختی ئیسرائیل ناساندووە و بەتوندی دژی ئەم هەنگاوە وەستانەوە.
لەماوەی ١١ مانگی پێشوودا سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بینیامین ناتانیاهو سێ جار سەردانی مۆسکۆی کردووە و لەگەڵ پوتین ناوبەناو پەیوەندی تەلەفۆنی ئەنجام دەدات.