Ramazan Turgut,Muhammet Ali Kemal
06 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 07 تشرینی یەکەم 2017
ریاز- AA
سعوودیە ئاشکرایکرد بەمەبەستی کڕین و بەرهەمهێنانی سیستەمی بەرگریی پێشکەوتوو لە رووی تەکنەلۆژییەوە، رێککەوتننامەیەکی هاریکارییان لەگەڵ رووسیادا واژووکردووە.
لە هەواڵێکی ئاژانسی فەرمیی هەواڵی سعوودیەدا کە روونکردنەوەیەکی کۆمپانیای پیشەسازیی سەربازیی وڵاتەکەی بڵاوکردووەتەوە، وەزارەتی بەرگریی سعوودیە بەمەبەستی کڕینی بەرهەمی سەربازیی پێشکەوتوو لەرووی تەکنەلۆژییەوە، سیستمی چەک و بەرهەمهێنانی هاوبەش و مەشق و راهێنان، رێککەوتننامەیەکی هاریکاریی لەگەڵ کۆمپانیای بەناوبانگی پیشەسازیی سەربازیی رووسی رۆزۆبۆرۆنێکسپۆرت، واژووکردووە.
لەهەواڵەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە بەپێی رێککەوتننامەکە سعوودیە هەریەک لە سەکۆی هەڵدانی مووشەکی TOS-1A، سەکۆی هەڵدانی مووشەکی Kornet-EM، چەکی AK-103 و سیستمی بەرگریی ئاسمانیی S-400، دەکڕێت.
کۆمپانیای پیشەسازیی سەربازیی سعوودیە باسی لەوەشکردووە لەرێگەی رێککەوتننەکەوە لەگەڵ کۆمپانیای رۆزۆبۆرۆنێکسپۆرت، کارەکان لەبواری گواستنەوەی تەکنەلۆژیا و بەلۆکاڵیکردنی پیشەسازییەکان و بەردەوامیی پێدانیان، ئەنجامدەدرێت و ئاماژە بەوەشکراوە ئەو کارانە بناغەیەکی گرنگ لەبارەی پەرەپێدانی پیشەسازیی سەربازیی سعوودییەوە پێکدەهێنێت.