Dlshad Saifaalddin Ahmed
13 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 14 حوزەیران 2017
سلێمانی - AA
گوندی زەرگە دەكەوێتە دووری 40 كیلۆمەتر لە رۆژئاوای قەزای خورماتوو لە پارێزگای سەڵاحەددین، ئەم گوندە كۆتا سنووری هێزەكانی پێشمەرگەیە لەگەڵ چەكدارانی داعش و تەنها جۆگەلەیەكی ئاو و پردێك هەردوولا لە یەكتر جیا دەكاتەوە، بەڵام پێشمەرگە لەم سنوورەوە بەردەوام رووبەڕووی مەترسی و هێرش و پەلامارەكانی داعش دەبێتەوە و تائێستا چەندین قوربانیان لەو ناوچەیەدا داوە.
تیمی ئاژانسی ئانادۆڵو سەردانی ئەو سنوورەی كرد و فەرماندەكانی پێشمەرگە لەو ناوچەیە باس لە مەترسییەكانی داعش و هەوڵەكانیان بۆ دزەكردنە ناو سنوورەكانیان لەو رێگەیەوە دەكەن.
فەرماندەیەكی هێزەكانی پێشمەرگە لەو سنوورە، شێروان عەبدولڕەحمان لەو بارەیەوە بە ئاژانسی ئانادۆڵوی گوت "ئێرە سنووری زەرگەیە و دوا سنووری هێزەكانی پێشمەرگەیە و بەرامبەرمان چەكدارانی داعشن، ئەوان ناوبەناو جموجوڵیان هەیە و هەوڵ دەدەن دزە بكەنە سنووری پێشمەرگەوە، بەڵام ئێمە بەردەوام چاودێرییان دەكەین و تەواوی ئەو هەوڵانەمان تێكشكاندووە".
ئەو ئاماژەی بەوە كرد، سنوورێكی بەرفراوانیان هەیە لەگەڵ داعش و هێزە عێراقییەكان و حەشدی شەعبیش لە نزیك ئەوانەوە لە داعش نزیكن.
ئەو پێشمەرگانەی كە لەو گوندەوە چاودێری جموجوڵەكانی داعشیان دەكرد، باس لەوە دەكەن داعش ئێستا لەو سنوورەدا قەزای حەویجە و چوار ناحیە و 400 گوندی لە ژێر دەستدا ماوە و تا ئەو ناوچانە لەوان پاك نەكرێتەوە بەردەوام مەترسی بۆسەر پێشمەرگە و ناوچەكانی تری خورماتوو و پارێزگای كەركووك دروست دەكەن.
بە گوتەی ئەوان، چەكدارانی داعش شەوانە دزە دەكەنە ناوچەكانیانەوە و بۆمب لەسەر رێگاكان دەچێنن، بەو هۆیەشەوە تا ئێستا پێشمەرگە زیانی زۆری بەركەوتووە و چەندین بەرپرس و پێشمەرگەیان بوونەتە قوربانی.
لەلای خۆیەوە بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتوو، فاروق ئەحمەد لە بارەی دزەكردن و مەترسی هاتنە ناوەوەی داعش لەو سنوورەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "تا ئێستاش ژمارەیەكی زۆری چەكدارانی داعش لەو سنوورانەوە دزە دەكەنە سنووری خورماتوو، بە تایبەتی لە ناوچەكانی حەمرین بەرەو دیالە هێزێكی زۆریان هاتوونەتە سنوورەكەوە".
ئەو گوتی: "مانەوەی حەویجە بە دەست داعشەوە هۆكاری سەرەكی كێشەی ناوچەكە و دزەكردنی داعشە لەوێوە بۆ ئەم ناوچانە و بە ویستی خۆیان لەو ناوچانەدا دەسوڕێنەوە، بە تایبەتی لە دەورووبەری حەویجە بەرەو زنجیرە چیاكانی حەمرین و بەربەستی عوزێم و هیچ هێزێك نییە رێگریان لێبكات ".
بە گوتەی بەرپرسی ئاسایشی خورماتوو، داعش لە ناوچەكەدا بە درێژایی 150 كیلۆمەتر درێژیی و 7 كیلۆمەتر پانیی خاكی لە ژێر دەستەڵاتدایە و، هێزەكانی پێشمەرگەش لە رۆژهەڵاتەوە و حەشدی شەعبیش لە رۆژئاواوە بەرامبەریان وەستاونەتەوە.