Ruslan Rehimov
13 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 13 تشرینی یەکەم 2020
باکو - AA
سەرەڕای ئاگربەست، سوپای ئازەربایجان بەرپەرچی سەرجەم پەلامارەکانی سوپای ئەرمینیا دایەوە کە بە درێژایی شەوی رابردوو ئەنجامیدان.
لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن وەزارەتی بەرگریی ئازەربایجانەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە شەوی رابردوو هێزەکانی سوپای ئەرمینیا بەمەبەستی سەرلەنوێ داگیرکردنەوەی ئەو پێگانەی کە لەدەستیداون لەسەر شێوەی گرووپی بچووک هێرشیان کردووەتە سەر ئاغدەرە، ئاغدەم، فوزوڵی و جەبرائیل.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە سوپای ئازەربایجان بەرپەرچی سەرجەم پەلامارەکانی سوپای ئەرمینیای داوەتەوە و سێ سیستمی مووشەکی گراد، سیستمێکی دژە فڕۆکەی جۆری Tor-M2KM، دژە فڕۆکەیەکی جۆری 1 ZSU-23-4، دوو زرێپۆشی جۆری BMP-2، سێ تۆپهاوێژی جۆری Giatsint B، تۆپهاوێژێکی دژەفڕۆکە لە جۆری KS-19، تۆپهاوێژێکی جۆری D-20، سێ درۆن و چەند ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی لەناوبردووە و ژمارەیەکی زۆر سەربازیش لە چالاکی خراون.
هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە سەربازانی بەرەی پێشەوەی فەوجی پێنجی شەڕکەری سوپای ئەرمینیا لە چالاکی خراون و بەشێکی فەوجی پیادەی یەک کەوتوونەتە کەمینەوە و ئۆتۆمبێلەکانیان تێکشکێنراون.
وەزارەتی بەرگریی ئازەربایجان لە راگەیەندراوێکی دیکەیدا باسی لەوە کرد کە سوپای ئەرمینیا بۆردومانی پارێزگاکانی ئاغدەم، تەرتەر، ئاغجەبەدی و گۆرانبۆی کردووە.
لە چوارچێوەی ئەو کۆبوونەوەیەی کە لە مۆسکۆ بەڕێوەچوو، ئەرمینیا و ئازەربانجان بڕیاریاندا لە کاتژمێر ١٢:٠٠ی رۆژی هەینیی ١٠ی تشرینی یەکەم ئاگربەستی مرۆیی رابگەیەنن کە پێشنیازی گۆڕینەوەی تەرم و دیلەکان دەکات لە قەرەباغ.