Enes Canlı
14 نیسان 2024•نوێکردنەوە: 14 نیسان 2024
قودس - AA
سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە کە ئێران دەستی کردووە بە هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هێزەکانی ئاسمانیی و دەریایی ئیسرائیلیش چاودێری درۆنەکان دەکەن.
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، دانیێڵ هاگاری لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوە کرد کە دەیان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە لە ئێرانەوە ڕەوانەکراون ڕاستەوخۆ بەرەو ئیسرائیل لە پێشڕەویدان.
هاگاری باسی لەوە کرد کە هێزەکانی ئاسمانیی و دەریایی ئیسرائیل چاودێری فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان دەکەن کە چەند کاتژمێرێکیان پێدەچێت تا دەگەن بە ئیسرائیل و، ڕەنگە تێکچوونی سیستمی GPS لە سەرانسەری وڵاتدا ڕوو بدات.
دانیێڵ هاگاری ئاماژەی بەوە کرد کە زەنگەکانی ئاگادارکردنەوە تایبەت بە هێرش لە ئیسرائیل تەنیا لە کاتی ئاڕاستەکردنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بۆ ئامانجەکان لێدەدەن و، هەوڵ دەدەن بە زووی بەر بە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بگرن.
ميدياى فەڕمی ئیسرائیل KAN، پێش لێدوانەکەی هاگاری بڵاویکردەوە کە ئێران بە دەیان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەستی بە هێرش بۆ سەر ئیسرائیل کردووە.
بەرپرسانی سەربازیی ئیسرائیل، پێیانوایە هێرشەکان دەکرێنە سەر ئامانجی سەربازییەکان، کابینەی جەنگی ئیسرائیل و پاشان کابینەی ئاسایش ئەمشەو لە بینای وەزارەتی بەرگریی لە تەل ئەبیب کۆدەبنەوە.
بەهۆی نیگەرانیی لە کردنە ئامانجی، فڕۆکەی سەرۆکایەتی وەزیرانی ئیسرائیل دەستی بە فڕین کرد و بەرەو ئاسمان بەڕێکرا.
بەپێی هەواڵی کەناڵ ١٢ی ئیسرائیل، کایەی ئاسمانیی ئیسرائیل ئەمشەو تا کاتژمێر ٠١:٠٠ دادەخرێت.
ئەو فڕۆکانەی لە ئیماراتەوە بەرەو ئیسرائیل دەچوون گەڕاونەتەوە، ئەوەیش لە ڕادارەکاندا بەدیکراوە.