07 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 07 حوزەیران 2020
تەرابلوس ــ AA
سوپای لیبیا راگەیاند، دەستی بەسەر كۆگایەكدا گرتووە لە شاری تەرهونە كە ژمارەیەكی زۆر بۆمبی تیایدابووە و لەلایەن میلیشیاكانی خەلیفە حەفتەوە بۆ بۆمبڕێژكردنی مزگەوت، رێگە و خانووی هاووڵاتییان لە تەرابلوسی پایتەخت بەكاردەهێندران.
بەپێی راگەیەندراوێك كە لەلایەن ناوەندی ئۆپەراسیۆنی "گڕكانی توڕەیی"یەوە بڵاوكراوەتەوە، هێزەكانیان لە شاری تەرهونە باشووری رۆژهەڵاتی تەرابلوس، دەستیان بەسەر كۆگایەكی میلیشیاكانی خەلیفە حەفتەردا گرتووە كە ژمارەیەك زۆر بۆمبی تیایدابوو.
ئاماژەی بەوەیش داوە، بۆمبەکان لەلایەن میلیشیاكانی خەلیفە حەفتەرەوە بۆ بۆمبڕێژكردنی مزگەوت، رێگە و خانووی هاووڵاتییان لە تەرابلوسی پایتەخت بەكاردەهێندران.
رۆژی هەینی رابردوو، سوپای لیبیا كۆنترۆڵكردنەوەی شاری تەرهونەی راگەیاند و لای خۆیەوە گوتەبێژی میلیشیاكانی خەلیفە حەفتەر، ئەحمەد مسماری دانی بەوەدانا كە شارەكە لەژێر كۆنترۆڵیان دەرهێندراوە.
كۆنترۆڵكردنی شاری تەرهونە دوای رۆژێك لە كۆنترۆڵكردنەوەی تەواوی سنووری کارگێڕی تەرابلوسی پایتەخت لەلایەن سوپای لیبیاوە دێت.
پێشتر حكوومەتی لیبیا هۆشداری ئەوەی دابوو كە میلیشیاكانی خەلیفە حەفتەر، خانووی هاووڵاتییانیان لە تەرابلوس بۆمبڕێژكردووە.
لای خۆیەوە نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاندبوو كە هەست بە نیگەرانی دەكات لەهەمبەر بۆمبڕێژكردنی خانووی هاووڵاتییان لە شاری تەرابلوس پایتەختی لیبیا لەلایەن میلیشیاكانی خەلیفە حەفتەرەوە.