Heman Hussein Yaseen
09 ئەیلوول 2026•نوێکردنەوە: 09 ئەیلوول 2026
مزگەوتی گەورەی نووری و منارەی بەناوبانگی حەدبا لە مووسڵ، ئەو شوێنەی کە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، بەناو خەلافەتەکی تێدا ڕاگەیاند و دواتریش تەقاندییەوە، ئێستا سەرلەنوێ بونیادندانەوەکەی بووتە هێمایەک بۆ گەڕانەوەی هیوا و مێژوو بۆ خەڵکی شارەکە.
لە ناوەڕاستی شاری مووسڵ دا، مزگەوتی گەورەی نووری و منارە ناسراوەکەی، دوای ساڵانی پڕ لە تراژیدیا و وێرانکاریی، جارێکی دیکە وەک ھێمایەک بۆ مێژوو و ڕۆشنبیریی شارەکە بونیادنراوەتەوە.
مزگەوتەکە لە ساڵی ٢٠١٤دا بووە شایەتحاڵی یەکێک لە تاریکترین ساتەکانی مێژووی نوێی مووسڵ، کاتێک تیرۆریستان لەسەر مینبەرەکەیەوە بەناو خەلافەتەکەیان ڕاگەیاند و ئەم ڕووداوە بووە دەستپێکی قۆناغێکی خوێناویی و کارەساتبار بۆ مووسڵ و دانیشتووانەکەی کە ڕووبەڕووی کوشتن و دەربەدەریی بوونەوە.
سێ ساڵ دواتر و لە ساڵی ٢٠١٧ دا، ئەو کاتەی تیرۆریستان لە کۆتایی ڕۆژانی دەسەڵاتەکەیاندا بوون، مزگەوتەکەیان تەقاندەوە و بەھۆیەوە بەشێکی زۆری مزگەوتەکە و منارە ناسراوەکەی وێران بوون و پاش ئازادکردنی شارەکەش، پرۆژەی سەرلەنوێ بونیادنانی مزگەوتی نووری و منارە مێژووییەکەی دەستی پێکرد.
لە پرۆسەی بونیادنانی نوێدا، ھەوڵدرا شێواز و ناسنامەی مێژوویی شوێنەوارەکە بپارێزرێت و مزگەوت و منارەکەی تا ڕادەیەکی زۆر بە ھەمان شێوازی پێشوو دروستبکرێتەوە چونکە منارەی مزگەوتەکە شێوازێکی لاریی ھەیە و یەکێکە لە تاوەرە ناڕاست و لارەکانی جیھان.
مزگەوتەکە لە ١ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، بە شێوەی فەرمی لەلایەن سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق محەمەد شیاع سوودانی بەڕووی نوێژخوێنان کرایەوە، بونیادنانەوەی منارە و مزگەوتی نووری، بۆ زۆرێک لە دانیشتووانی مووسڵ، تەنھا نۆژەنکردنەوەی بینایەکی مێژوویی نییە، بەڵکو گەڕانەوەی بەشێکە لە ناسنامە و مێژووی شارەکە، ھێمایەکە کە ئێستا دوای تاریکی و وێرانکاریی، جارێکی دیکە ھیوای بۆ خەڵکی شارەکە گەڕاندووەتەوە.
مزگەوتی گەورەی نووری و منارەی بەناوبانگی حەدبا، یەکێکن لە دیارترین شوێنەوارە مێژوویی و ئایینییەکانی شاری مووسڵ. مێژووی منارەی حەدبا دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی شەشەمی کۆچی و بە ھۆی شێوە لار و ناڕاستەکەیەوە بە ناوی حەدبا ناسراوە، کە بە واتای لار و چەماوە دێت، ئەم منارەیە بۆ سەدەھا ساڵ بووە ھێمای ناسنامەی مووسڵ و تەنانەت وێنەکەشی لەسەر دراوی ١٠ ھەزار دیناری عێراقی چاپکراوە.