Shamal Numan Bakır
29 نیسان 2019•نوێکردنەوە: 01 مای,س 2019
ریاز - AA
سەرۆکایەتی گشتیی کاروباری مزگەوتی پێغەمبەر ئامادەکارییەکانی تەواوکردووە بۆ گۆڕینی مافووری مزگەوتی پێغەمبەر وەک ئامادەباشیی بۆ پێشوازیکردن لە مانگی پیرۆزی رەمەزان.
رۆژنامەی عوکازی سعوودی بڵاویکردەوە، سەرۆکایەتی گشتیی کاروباری مزگەوتی پێغەمبەر، سێ هەزار مافووری مزگەوتی پێغەمبەر دەگۆڕێت.
سەرۆکی بەشی مافوور لە سەرۆکایەتی گشتیی کاروباری مزگەوتی پێغەمبەر، بەندەر حوسەینی رایگەیاند کە سەرجەم مافوورە کۆنەکانی ناو حەرەمی مزگەوتی پێغەمبەر و رەوزەی شەریف، بەشەکانی ئافرەتان، گۆڕەپانی سەلام و گۆڕەپانی بەرامبەر پەیژەی ژمارە ١٠، هەروەها گۆڕەپانی بەقیع، پێشەوەی فراوانکردنەکانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا و حەسوەی یەکەم دەگۆڕن.
بەندەر حوسەینی ئاماژەی بەوەشدا کە مافوورەکانی فراوانکردنەکانی مزگەوتی پێغەمبەر و سەربان و گۆڕەپانی دەرەوەی ئافرەتان چاکدەکرێنەوە و دواتر دەشۆردرێن.
سەرۆکی بەشی مافوور لە سەرۆکایەتی گشتیی کاروباری مزگەوتی پێغەمبەر ئاشکراشیکرد کە ئەمساڵ بۆ یەکەمجار ژمارەیەک مافوور رادەخەن کە توانای لە خۆگرتنی چوار ریز موسڵمانی هەیە.