Zana Natık Kerem
20 ئادار 2019•نوێکردنەوە: 21 ئادار 2019
بەغدا ــ AA
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا رایگەیاند کە شاندی کۆنگرێسی وڵاتەکەی لە چواچێوەی سەردانەکەی بۆ بەغدا و ھەولێر بە بەرپرسانی ھەردوولای راگەیاندووە کە ھێزەکانی ئەمریکا وەک بەشێک لە ھاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق دەمێننەوە.
لە راگەیەندراوێکدا کە کۆپییەکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو نێردراوە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا ئاماژەی بەوەداوە، شاندی کۆنگرێس کە پێکھاتبوون لە جۆن گارمندی، دیب ھالاند و ڤێرۆنیکا ئیسکۆبار لە بەغدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەھدی و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبوسی کۆبوونەتەوە.
ھەر بەپێی راگەیەندراوەکە، ھەمان شاند لە ھەولێریش لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نێجیرڤان بارزانی و جێگری سەرۆکوەزیران، قوباد تاڵەبانی کۆبوونەتەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە "شاندی کۆنگرێس گرنکی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق لەگەڵ ئایندەی ھاوکارییە دووقۆڵییەکانی نێوان ھەردوو وڵات بە تایبەتیش دەستەبەرکردنی شکستھێنانی یەکجارێکی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و ھەرێمی کوردستان تاوتوێکردووە".
بەپێی راگەیەندراوەکە، شاندی کۆنگرێس جەختیکردووەتەوە کە ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی پشتیوانی و مەشق و راھێنان بە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق و راشیگەیاندووە کە ھێزەکانی ئەمریکا وەک بەشێک لە ھاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق دەمێننەوە.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ھاتووە کە شاندی کۆنگرێس باسی لە شەراکەتی ئەمنی لەگەڵ عێراق کردووە و ئاماژەی بەوەداوە کە ئەو شەراکەتە بەردەوام دەبێت و پێویستە رێز لە سەروەری عێراق بگیرێت بە ئامانجی بەدیھێنانی ئامانجە ھاوبەشەکان کە خۆی دەبینێتەوە لە دەستەبەرکردنی شکستھێنانی یەکجارێکی رێکخراوە توندڕەوەکانی وەک رێکخراوی داعش لە عێراق.
شاندی کۆنگرێسی ئەمریکا لە ١٨ی ئەم مانگەوە بە سەردانێک لە عێراقە و زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ھەردوو حکوومەتی فیدرال و ھەرێمی کوردستان ئەنجامداوە.