Erbil Başay
01 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 02 کانوونی دووەم 2023
بەرلین - AA
سەرۆکوەزیرانی کۆسۆڤۆ، ئالبین کورتی داوای زیادکردنی ژمارەی سەربازانی ناتۆی کرد لە وڵاتەکەیدا.
ئالبین کورتی لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی وێڵتی ئەڵمانی، ئاماژەی بەوە کرد کە زیادکردنی ژمارەی سەربازان و ئامێری سەربازیی ناتۆ لە کۆسۆڤۆ، ئاسایش و ئاشتیی لە وڵاتەکەی و هەموو وڵاتانی بەلقان باش دەکات.
سەرۆکوەزیرانی کۆسۆڤۆ باسی لەوە کرد لەئێستادا، کۆسۆڤۆ خەرجی بەرگریی و ژمارەی سەربازانی زیادکردووە و رایگەیاند: "زیادکردنی ژمارەی سەربازانی ئاشتی پارێزی سەربە ناتۆ، پاڵپشتی لە هەوڵەکانمان دەکات لە بواری بەرگرییدا".
ئالبین کورتی باسی لەوە کرد کە دانانی بەربەست لە چوار هەرێمی باکووری کۆسۆڤۆ، بوونی کەسانی دەمامکدار کە جلوبەرگی فەرمی سەربازانی بەکرێگیراوی واگنەریان پۆشیوە، لەگەڵ گورگانی شەو'' (یانەی ماتۆڕسوارەکان) و چڕبوونەوەی سەربازانی سربیا بەدرێژایی سنووری کۆسۆڤۆ، نیشانی دەدەن کە زیادکردنی ژمارەی سەربازانی ناتۆ کارێکی پێویستە.
- گرژیی نێوان کۆسۆڤۆ و سربیا
دوای دەستگیرکردنی کارمەندی پێشووی پۆلیسی سربی، دێجان پانتیک لەلایەن پۆلیسی کۆسۆڤۆوە، گرژی نێوان کۆسۆڤۆ و سربیا رووی لە هەڵکشان کرد.
وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر دەستگیرکردنی دێجان پانتیک، هاووڵاتییە سربییەکانی کۆسۆڤۆ لە ١٠ی کانوونی یەکەمەوە تا ئێستا لە باکووری وڵاتەکە بەربەستیان داناوە و ئێشک دەگرن.
دوای ئەوەی بڕیاری دەستبەسەرکردنی دێجان پانتیک گۆڕدرا بۆ دەستبەسەری لە ماڵدا، لەسەر داوای سەرکۆماری سربیا، ئەلێکساندەر ڤوچیچ دەستکرا بە لابردنی بەربەستەکان.
ئەمریکا، ناتۆ و یەکێتیی ئەورووپا داوای کەمکردنەوەی گرژییەکان و لابردنی بەربەستەکانیان کردبوو.
هەروەها سربیا، داوا لە هێزی ئاشتی پارێزی سەربە ناتۆ لە کۆسۆڤۆ کردبوو، پۆلیس و سوپای سربیا لە باکووری کۆسۆڤۆ جێگیر بکات.
سربیا، کۆسۆڤۆ کە لە ساڵی ٢٠٠٨دا، تاک لایەنە سەربەخۆیی راگەیاندووە بە خاکی خۆی دەزانێت.
سربیا و کۆسۆڤۆ کە ناو بە ناو رووبەڕووی یەک دەبنەوە لە ساڵی ٢٠١١دا، بەنێوەدنگیری یەکێتیی ئەورووپا دەستیان بە پرۆسەی دیالۆگی بێلگراد-پریشتینا کرد و هەوڵی نەخشەڕێگایەکی هاوبەش دەدەن بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و لە کۆتاییشدا داننان بە یەکتردا.