Sarmand Hameed
26 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 27 تشرینی دووەم 2020
هەولێر - AA
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی ستایشی نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، جێنین ھێنیس پلاسخارت دەکات بۆ گوتارەکەی بۆ ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.
نێچیرڤان بارزانی لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی "جێنین پلاسخارت روونیکردەوە کە پەیوەندییەکی باش لەنێوان هەولێر و بەغدا و سیستەمێکی فیدراڵیی بەهێز بۆ سەقامگیریی تەواوی عێراق پێویستە".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە "پێشوازی لە رۆڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەم بوارەدا دەکەم".
هاوکات ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد پشتگیریی لە هاتنەئارای رێککەوتنێکی بنەڕەتی لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی بکەن لە پێناو دابینکردنی ماف و شایستە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان.
بە گوێرەی راگەیەنراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کە ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەرپەرشتی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی جێگری سەرۆکی وەزیران، قوباد تاڵەبانی بەڕێوەچوو، دوا پێشهاتەکانی رێڕەوی دانوستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی سەبارەت بە ماف وشایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان خرایەڕوو، بەتایبەتیش دوای تێپەڕاندنی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بە بێ ئامادەبوونی فراکسیۆنە کوردستانییەکان.
بە گوێرەی راگەیەنراوەکە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان سوپاسی هەڵوێستی نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، جینین پلاسخارت دەکات کە لە گوتارەکەیدا بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش، جەختی لەوە کردبووەوە فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، تەنیا فەرمانبەر و مووچەخۆری هەرێم نین بەڵکو هاووڵاتی عێراقین و پێویستە بابەتی مووچە نەکرێتە بەشێک لە کێشە سیاسییەکان و نابێت بە شێوەیەکی بە کۆمەڵ بکرێنە قوربانی.
جێی ئاماژەیە، دوێنێ سێشەممە، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، جێنین ھێنیس پلاسخارت لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە لە شاری بەغداوە بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد.
پلاسخارت لەبارەی ناکۆکییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا رایگەیاند کە "ناروونی دەستووریی رێگری لە دانوستانە بنیاتنەرەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا دەکات و ئەمەش زیانێکی زۆری ھەیە بۆ سەر زنجیرەیەک کێشەی ھەڵپەسێردراوی نێوان ھەردوولا".
جێنین ھێنیس پلاسخارت راشیگەیاند کە لە ماوەی ١٥ ساڵی رابردوودا لە عێراق دەرفەتی زۆر بە فیڕۆ دراوە بەمەبەستی گەیشتن بە زنجیرەیەک بنەمای دیاریکراو، بۆیە ئێستا بەپەلە پێویستە رێککەوتنێک ئەنجام بدرێ لەسەر چۆنییەتی جێبەجێکردنی سیستەمی فیدڕاڵی.
پلاسخارت ھەر لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا رایگەیاند ھەموو لایەک کۆکن لەسەر ئەوەی کە ھەبوونی پەیوەندی بنیاتنەر و ئەرێنی لە نێوان حکوومەتی فیدڕالی عێراق و ھەرێمی کوردستان کلیلی سەقامگیرییە لە وڵاتدا.
پلاسخارت وەک ئاماژەیەک بە دەستەبەرکردنی ماف و شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی فیدڕالی عێراق و پەسەندکردنی پرۆژە یاسای پارەدارکردنی کورتھێنانی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند "پێویستە ئەوە روون بێت کە فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستانیش ھاووڵاتیی عێراقین".