Hemin Hüseyin
14 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 17 حوزەیران 2017
هەولێر - AA
ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەعدی ئەحمەد پیرە رایگەیاند کە لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاریان داوە کە پەرلەمان کارا بکرێتەوە بە هەمان سەرۆکایەتی پێشوو.
سەعدی پیرە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە بارەگای پارتەکەی لە هەولێر بۆ میدیاکان قسەی کرد.
ئەم ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان باسی لە کۆبوونەوەی رۆژی رابردووی نێوان نوێنەرانی حزبەکەی و مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد و گوتی: "گەیشتووینە ئەو ئەنجامەی کە پەرلەمان کارا بکرێتەوە".
سەعدی پیرە روونی کردەوە کە هەمان سەرۆکایەتی پێشووی پەرلەمان سەرپەرشتی دانیشتنەکە دەکات و ئەوەشی بە پڕۆژەیەکی گونجاو زانی بۆئەوەی هەموو لایەک لەسەری رێکبکەون.
بە گوتەی ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە دانیشتنی دووەمی پەرلەماندا سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمان دیاری دەکرێ لە بزووتنەوەی گۆڕان و لەپاڵ ئەوەشدا وەزیرەکانی بزووتنەوەی گۆڕان جارێکی دیکە دەگەڕێنەوە سەر پۆستەکانیان.
سەعدی ئەحمەد پیرە گوتیشی: "بۆ هەڵبژاردنی ریفراندۆم هیچ کێشەیەکی یاساییمان نییە و خەڵک دەتوانێ نوێنەرایەتی خۆی هەڵبژێرێ بۆ ئەوەی پڕۆژەیەکی بۆ بگەیەنێتە مەبەست. ئەوەی ئێمەهەمانە کێشەی سیاسییە نەک یاسایی. لێژنە دەستنیشان دەکرێ بۆ ئەوەی سەردانی هەرکام لە عێراقییەکان و حزبە سیاسییەکانیان و وڵاتانی دراوسێ و ئەورووپا بکەن".