ramal mahmood
18 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 18 ئەیلوول 2016
بەپێی زانیارییە بەراییەکان، هێزە ئەمنییەکان لە شرنەخ، لە دەستپێکی هێرشەکەیاندا، سێ چەکداری پەکەکەیان کووشتووە.
بەپێی زانیارییە سەربازییەکان، دەرکەتووە کەتیبەکانی سنووری ئانداچ لە فەرماندەیی لیوای سنووری ٤٨ لە فەرماندەیی یەکەکانی سنووری جەندەرمەی شرنەخ لە ئامادەباشیدان بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن بۆ سەر چەکدارانی پەکەکە.
لەمبارەیەوە دوێنێ شەو تۆپهاوێژەکان تۆپبارانی بنکە و بارەگاکانی چەکدارانی پەکەکەیان کردووە و بەپێی زانیارییە بەراییەکانیش، سێ چەکداری پەکەکە کوژراون. وەک زانراوە دوای هەواڵپێدانی لەلایەن ژمارەیەک هاووڵاتیی کە چەکدارانی پەکەکە لە رۆژئاوای گوندی کەستا لە سەر سنووری عێراق خاڵی پشکنینیان داناوە، یەکەکانی سەربازی ئەو ناوچەیان تۆپباران کردووە و بنکە و بارەگانییان کراونەتە ئامانج.
لەلایەکی دیکەوە، بەرەبەیانی دوێنێ لەلایەن گرووپێکی 4 بۆ 5 کەسی چەکدارانی پەکەکە، لە ناوچەی ئۆمەرلی تەپە، تەقە لە سەربازان کراوە و دواتر هێزە ئەمنییەکان بەرپەرچیان داونەتەوە و چەکداران لە ناوچەکە هەڵاتوون. دواتر لە ئەنجامی پشکنیندا دەست بەسەر مینێک و بۆمبێکی دەستی و دووربینێکدا گیراوە.