Dlshad Saifaalddin Ahmed
11 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 12 تشرینی یەکەم 2017
سلێمانی ـ AA
ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پەروین بابەكر لە بارەی كاریگەری كۆچی دوایی سكرتێری گشتی حزبەكەی، جەلال تاڵەبانی رایگەیاند "لە میانی نەخۆشكەوتنی مام جەلال دەركەوت عێراق بە گشتی و كوردستان بەتایبەتی و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەتایبەتی تر كەوتە چ قەیرانێكەوە، لەبەر ئەوە دەتوانین مێژووی عێراق و كوردستان بكەین بە دوو بەشەوە ، قۆناغی پێش وەفاتی مام و قۆناغی دوای وەفاتەكەی".
پەروین بابەكر لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: " پێویستە ئێمە هەموو كات وەفاداریمان بنوێنین بۆ رێبازەكەی مام جەلال و بەردەوام گوتەكەی ئەومان لە بیر بێت و بیڵێینەوە (پێویستە یەكێتی ناو یەكێتی بپارێزین، مانەوەمان و سەروەریمان و گەشەسەندنمان پەیوەستە بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە)".
لە بارەی كاركردنی یەكێتی لە دوای كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی و چۆنیەتی پڕكردنەوەی پۆستەكەی، پەروین بابەكر لە وەڵامدا گوتی: "شوێنی مام جەلال زۆر بە زەحمەت و زۆر بە ئەستەم پڕ دەبێتەوە، بەڵام دەبێت ئێمە كارێك بكەین بۆ ئەوەی یەكێتی وەك یەكێتی جاران لێبكەینەوە. لە پرسەی مام جەلال-دا ئەوەمان بۆ دەركەوت كە مام هی هەمووان بوو، هەمووانیش هی مام بوون، ئەو پرسەیەی بۆ ئەو گێڕدرا دەركەوت كە مام چ دڵسۆز بووە و خەڵكی كوردستان و لایەنگرانی یەكێتی و حزب و لایەنەكانی تریش كە چەند بە ئەمەك بوون بۆ مام، ئێمە دەتوانین بە كاركردن و پشت و پەنای هەمووان یەكێتی بگەیەنینەوە یەكێتییەكەی جاران".
دوای وەرگرتنی پۆستی سەركۆماری عێراق لە لایەن جەلال تاڵەبانی لە ساڵی 2005 و دووركەوتنەوە لە هەرێمی كوردستان و حزبەكەی و سەرقاڵ بوون بە كێشەكانی عێراقەوە، كاریگەری لەسەر حزبەكەی بەجێهێشت و دوای ساڵێك جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی كە نەوشیروان مستەفا بوو لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و كادرانی ئەو حزبە دەستیان لەكاركێشایەوە و دواتر بزووتنەوەی گۆڕان-یان دروستكرد كە ئەوەش كاریگەری گەورەی لەسەر یەكێتی دروست كرد.
نەخۆشكەوتنی جەلال تاڵەبانی لە ساڵی 2012 و دووركەوتنەوەی لە كاری سیاسی، هێندەی تر قەیران و كێشەكانی ناوخۆی یەكێتی قوڵتر كردەوە و بەرپرسانی ئەو حزبەش بە ئاشكرا دانیان بەوەدا ناوە.
جەلال تاڵەبانی لە رۆژی سێشەممە، 3ی تشرینی یەكەمی ٢٠١٧، لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا لە ئەڵمانیا كۆچی دوایی كرد.