Zana Natık Kerem
09 ئاب 2023•نوێکردنەوە: 11 ئاب 2023
ھەولێر – AA
وەزیری بەرگریی عێراق، سابت عەباسی کە لە حەوتی ئەم مانگەوە بەسەردانێکی فەرمی لە واشنتۆنە لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئەمریکا، لۆید ئۆستن کۆبووەیەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی بەرگریی عێراق لە کۆبوونەوەکەی نێوان سابت عەباسی و لۆید ئۆستن جەخت کراوەتەوە لەسەر گرنگی پتەوترکردنی ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا لە بواری ئەمنییدا، ئەوەیش لەسەر بنەمای گفتوگۆی ستراتیجیی نێوان بەغدا و واشنتۆن.
باس لەوەیش کراوە کە ھەردوولا پابەندبوونی خۆیان بە ڕێککەوتنامەی ستراتیجی ساڵی ٢٠٠٨ دووپات کردووەتەوە کە تایبەتە بە پێشکەشکردنی مەشق و راھێنان، راوێژ، یارمەتییدان و ئاڵوگۆڕی زانیاریی ھەواڵگریی لەنێوان ھێزەکانی ئەمریکا بە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق.
ئەوەیش خراوەتەڕوو کە لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری بەرگریی عێراق، سابت عەباسی و وەزیری بەرگریی ئەمریکا، لۆید ئۆستن ڕێککەوتن کە لەسەر بنەمای گفتوگۆی ستراتیجیی نێوانیان، ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردوو وڵات لە بواری ئەمنیدا پتەوتر بکەن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا، ئاماژە بەوەیشدراوە کە لۆید ئۆستن لە کۆبوونەوەکەدا بە سابت عەباسی گوتووە "ئەمریکا لەسەر داوای حکوومەتی عێراق، بەردەوام دەبێت بە پێشکەشکردنی مەشق و راھێنان بە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق و ھەروەھا ئاڵۆگوڕی زانیاریی ھەواڵگریی".
وەزیری بەرگریی ئەمریکا لەبارەی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕیکخراوی تیرۆریستیی داعش رایگەیاندووە کە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق، دەستکەوتی باشیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکەدا بەدەستھێناوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا کە ھێشتا داعش، ھەڕەشە و مەترسییە بۆسەر ھەمووان.
- ڕێککەوتنی ستراتیجی نێوان عێراق و ئەمریکا
رێککەوتنی ئەمنی یان رێککەوتنی ستراتیجی ئەو رێککەوتنەیە کە لە ساڵی ٢٠٠٨دا لە سەرەمی دەسەڵاتی سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا، جۆرج بۆش لە نێوان بەغدا و واشنتۆن واژوو کراوە.
لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکەدا، پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا لە سەرجەم بوارەکاندا، بەتایبەتیش لە ڕووی سەربازی و ئابووری ڕێکخراوە.
ھاوکات لە ساڵی ٢٠٢١ ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش بەفەرمی کۆتاییھاتنی رۆڵی شەڕکەری ھێزەکانی لە عێراق راگەیاند و بەڵێنی بەردەوامی پشتیوانیی کردنی ھێزەکانی ئەو وڵاتەی لە بەرامبەر ھەڕەشەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش دا.
لە ١٥ی کانوونی دووەمی ڕابردوودا، سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی رایگەیاندبوو، تا ئێستا ھیچ وادەیەک بۆ کۆتایی ھێنان بە بوونی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دیاریی نەکراوە، چونکە ھێشتا عێراق بۆ لەناوبردنی یەکجارەکی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش، پێویستی بە مانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا ھەیە.
لەئێستادا، دوو ھەزار و ٥٠٠ سەربازیی ئەمریکا لەچوارچێوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش بۆ راوێژ و مەشق پێکردن بە ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەکانی عێراق لە بنکەی حەریر سەربە پارێزگای ھەولێر و بنکەی عەین ئەسەد سەربە پارێزگای ئەنبار جێگیرکراون.