Zana Natık Kerem
05 ئاب 2024•نوێکردنەوە: 05 ئاب 2024
ھەولێر ــ AA
سکاڵایەک کە پێشتر بۆ دەرکردنی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق تۆمارکرابوو، لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵیی عێراقەوە ڕەت کرایەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق دانیشتنی ئاسایی خۆی لەبارەی سکاڵایەک کە پێشتر بۆ دەرکردنی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق تۆمارکرابوو، ئەنجامدا.
لە میانی دانیشتنەکەدا، دادگاکە سکاڵاکەی رەت کردەوە و ڕایگەیاندووە: "بڕیاردان لەبارەی سکاڵاکەوە لە تایبەتمەندێتی دادگای باڵای فیدراڵیی نییە".
ڕۆژی ٢٦ی حوزەیرانی ئەمساڵ ھەریەک لە ئەندامانی سەربەخۆ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، باسم خەزعەل خەشان و مستەفا سەنەد سکاڵایەکیان دژبە سەرکۆماری عێراق، عەبدولـلەتیف ڕەشید و سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لە دادگای باڵای فیدراڵیی تۆمار کردبوو و تیایدا داوایان لە دادگاکە کردبوو کە مانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بە نایاسایی لەقەڵەم بدات و ئەو ھێزانە پابەندبکرێن بە گێڕانەوەی ئەو ناوچە و دامەزراوانەی کە لە دوای کۆتایی ھاتنی رێککەوتنی ئەمریکا لەگەڵ عێراق بەکاریان دەھێنێت و ئەو زیانانەش قەرەبوو بکرێنەوە کە لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٩وە، بەھۆی بوونی ئەو ھێزانەوە بە عێراق کەوتوون.
- ڕێککەوتننامەی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمریکا
ڕێککەوتننامەی ئەمنی یان ڕێککەوتننامەی ستراتیژی ئەو ڕێککەوتننامەیە کە لە ساڵی ٢٠٠٨دا لە سەرەمی دەسەڵاتی سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا، جۆرج بۆش لە نێوان بەغدا و واشنتۆن واژوو کرا.
لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکەدا، پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا لە سەرجەم بوارەکاندا، بەتایبەتیش لە ڕووی سەربازی و ئابووری ڕێکخراوە.
لە ساڵی ٢٠١١دا، ئەمریکا سەرجەم ھێزەکانی لە عێراق کشانەوە، ئەوەیش دوای ئەوەی بەغدا و واشنتۆن "رێککەوتنی ستراتیژی"یان لە ساڵی ٢٠٠٨ دا، واژوو کرد.
بەڵام ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٤دا، ھاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتیی دژبە داعش لە عێراق و سووریا پێکھێنا و لەچوارچێوەی ھاوپەیمانییەکەدا، دووبارە ھێزی خۆی ڕەوانەی عێراق کردەوە.
لەئێستادا، دوو ھەزار و ٥٠٠ سەربازیی ئەمریکا لەچوارچێوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش بۆ ڕاوێژ و مەشق پێکردن بە ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەکانی عێراق لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر، بنکەی ڤیکتۆریا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، بنکەی ئاسمانی بەلەد لە پارێزگای سەڵاحەددین و بنکەی عەین ئەسەد سەربە پارێزگای ئەنبار جێگیرکراون.