Hamza Mansor
06 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 07 ئادار 2016
سەرۆكوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی ئاشكرای دەكات، كە پلانی رزگاركردنی شاری فەللوجە لە پارێزگای ئەنبار لە ژێر دەستی چەكدارانی رێكخراوی داعش تەواو بووە.
بەپێی راگەیەنراوێك كە كۆپییەكی دەست ئانادۆڵو كەوتووە، نووسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆكوەزیران رایگەیاند، "حەیدەر عەبادی لەگەڵ ژمارەیەك لە سەرۆك هۆز و كەسایەتی شاری فەللوجە سەربە پارێزگای ئەنبار كۆبووە".
وەك لە راگەیەنراوەكەدا ئاماژەی بۆ كراوە، لە كۆبوونەوكەدا رزگاركردنی شاری فەللوجە لە ژێر دەستی چەكدارانی داعش و ئامادەكاری و پلانی بەشداریكردنی هۆزە چەكدارەكان لە رزگاركردنەوەی شارەكە تاوتوێ كراوە.
لە كۆبوونەوەكەدا وەك لە راگەیەنراوەكەدا خراوەتە روو، عەبادی جەختی لە گرنگی دانانی پلانێك بۆ بەشداریكردنی هۆزە چەكدارەكان و دانیشتوانی شاری فەللوجە لە رزگاركردنی شارەكە كردووەتەوە و پێی وابووە، كە پێویستە لەو بارەیەوە هاوكاری تەواو لە نێوان ئەوان و هێزە ئەمنییەكاندا هەبێت.
لە راگەیەنراوەكە ئەوەش روونكراوەتەوە، كە عەبادی رایگەیاندووە، چەكدارانی داعش لە شەڕەكانی سامەڕا هەرەس و شكستی گەورەیان هێناوە و هەر بەو شێوەش لە شاری فەللوجەش شكستیان پێ دەهێنرێت.
شاری فەللوجە كە بە 45 كیلۆمەتر دەكەوێتە رۆژئاوای شاری بەغداوە لەسەرەتای 2014 چەكدارانی داعش كۆنترۆڵیان كردووە و لە ئێستاشدا حكوومەتی ئیتیحادی پلانی هەیە کە رزگاری بکات.