ھەولێر
وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند خوێندکارانی کورد لەزانکۆکانی سعودیە بەھاوکاری ئەو وڵاتە قورئانیان چاپکردووەو بەسەر حاجیانی ئەمساڵدا بەخشیویانەتەوە.
وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی ھەرێمی کوردستان کامیل حاجی عەلی، لەدوای گەڕانەوەی لە بەجێھێنانی فەریزەی حەج قسەی بۆ AA کرد.
حاجی عەلی ئاشکرایکرد: لەناو چاپە کوردییەکەی قورئاندا ھەندێ ھەڵەی چاپ و زمانەوانی ھەن بۆیە ھەوڵ دەدەن لەھەرێمی کوردستان ئەو ھەڵانە چاک بکرێنەوە.
بەرپرسی راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی ھەرێمی کوردستان مەریوان نەقشبەندی ئاماژەی بەوەدا ساڵی پار سێ جوزئی قورئانیان وەرگێڕاوە بۆ سەر زمانی. ئەمساڵ ھەموو قورئان وەرگێڕدرایە سەر زمانی کوردی و لەوڵاتی سعودیە چاپکرا.
محەمەد ساڵح بامۆکی، یەکێ لەزانایانی ئاینی ناوچەی ھەڵەبجەی شەھید کاری وەرگێڕانی قورئانی بۆ سەر زمانی کوردی ئەنجامداوە.
چاپی کوردی قورئانی پیرۆز لە سەر ئەرکی شاعەبدوڵڵای سعودیە لەنێو ٥٠ زمانی دیکە چاپکراوە، بەوەیش زمانی کوردی دەبێتە پەنجاو یەکەمین زمان لەسەر ئاستی وڵاتانی مسوڵمان و جیھان کە قورئانی پێ وەرگێڕدراوە. ئێستا لە گشت بازاڕ نووسینگەکانی وڵاتی سعودیە چاپی پێ وەرگێڕدراوی کوردی قورئان دەستدەکەوێ.
مەریوان نەقشبەندی بۆ AA گوتی: "تەنیا لە وڵاتی سعودیە دەیان ھەزار نوسخەی قورئان بە زمانی کوردی چاپکراوە، ھەموو خوێنەرێک لەو وڵاتە دەتوانێ دەستیکەوێ".
بێجگە لەوەی سعودیە، لەشارەکانی ھەرێمی کوردستان پێشتر قورئان بەزمانی کوردی چاپکراوە.
محەمەد خزر لەشاری ھەولێر نووسینگەی فرۆشتنی کتێبی ھەیە ھەموو جۆرە تەفسیرەکانی قورئانی لادەست دەکەوێ کە وەرگێڕاون بۆ سەر زمانی کوردی، لەوبارەیەوە بۆ AA گوتی: "خوێنەری تەفسیری ئاسان زۆرن، بەتایبەتی گەنجان قوتابیانیش زۆر کەڵکی لێ وەردەگرن، چونکە بەزمانی کوردییە."
مامۆستایەکی ئاینییە لە مزگەوتی ئیمام حەمزەی ھەولێر ئەبوبەکر سدیق گوتی: "بەھۆی دیراسەی کوردی گەنجەکانمان کەمتر ئاشنای زمانی عەرەبین، تەفسیری ئاسان توانیویەتی پەیامی قورئان بگەیەنێ ئەوانیش سودێکی زۆریان لێ وەرگرتوە."