هەولێر
بەڕێوەبەری راگەیاندن و رۆشنبیری لە وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەڵگورد حیكمەت لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لەو هاوڵاتییە كوردانەی دەرەوەی وڵات دەكات كە بۆ شەڕ دژی چەكدارانی داعش دەگەڕێنەوە هەرێم.
هەڵگورد حیكمەت گوتی:"لە دەستپێكی شەڕی پێشمەرگە و داعش بانگەوازمان نەكردووە، كە هاووڵاتیانمان لەهەر كوێ بن بگەڕێنەوە شەڕی داعش بكەن، بەپێچەوانەوە ئەوەی كە گەڕاوەتەوە لە ئەنجامی هەستكردن بە بەرپرسیارێتی بووە، بۆ دژایەتی تیرۆر لە هەرێمی كوردستان".
حیكمەت گوتیشی:"تا ئێستا ژمارەیەكی زۆر كورد كە لە وڵاتە جیاجیاكانەوە گەڕاوەنەتەوە رێزی هێزەكانی پێشمەرگە و لە دژی چەكدارانی داعش شەڕ دەكەن".
بۆ سێ مانگ دەڕوا رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش هێرشی كردووەتەوە سەرناوچە كێشە لەسەرەكان و لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە شەڕدەكەن.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم باس لەوەدەكات لەماوەی بەردەوامی ئەو شەڕە كە ئێستا لە ئارادایە كەسانێكی زۆری كورد لە ئەوروپا گەڕاونەتەوە. بۆ پاڵپشتی پێشمەرگە لەدژی داعش "شەهیدیان هەبووە، بۆنموونە لە جەلەولا هاوڵاتیەك كە هەڵگری رەگەزنامەی بەریتانی بوو شەهید بووە، ئەوانەش بەشەهید لەقەڵەم دەدرێن".
سەبارەت بەهەڵوێستی وڵاتانی بیانی لەبارەی هاتنە ریزی ئەو كوردانەی رەگەزنامەی وڵاتانیان هەیە،بەرپرسی راگەیاندن و رۆشنبیری لە وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێ:"تائێستا ئەوان هیچ هەڵوێستێكی فەرمییان نەبووە، ئەوەی گوێبیستی بووین لەئاست میدیاو رۆژنامەنووسانی بیانی، ئەوان هاتنەوەی كوردانی تاراوگەیان پێی باش بووە، بۆ نێو ریزەكانی پێشمەرگەی كوردستان".
گوتیشی "ئەگەر هەر هاوڵاتیەكی كورد كە هەڵگری رەگەزنامەی وڵاتانی دیكە بن كێشەیان بۆ دروست بێت، ئێمە بەدواداچوون بۆ كەیسەكانیان دەكەین، پێویستە هەموولایەك بزانن كە ئێستا پێشمەرگە پێگەیەكی باشی هەیە لەسەر ئاستی ئەوروپا و ئەمریكاش. پێیان خۆشە هاونیشتیمانیان هاوكاری پێشمەرگە بكەن لەو سەنگەرانەی لەدژی تیرۆریستانی داعش شەڕ دەكەن".
بەوتەی هەڵگورد حیكمەت ژمارەیەكی زۆر هاوڵاتی كە هەڵگری رەگەزنامەی بەریتانین لەریزی چەكدارانی داعشیشن".
حیكمەت لەوبارەوە دەڵێ: "بەریتانییەكان شانازی بەو كوردانەوە دەكەن لەریزی پێشمەرگەن. رۆژنامەنووسی بەریتانی داوای لێكردووین، كە گفتوگۆ لەگەڵ كوردە هاونیشتمانییەكانیان بكەن، بۆ ئەوەی رای گشتی ئەو وڵاتەكەی لێ ئاگادار بكەنەوە. بەریتانییەكان هەر لەناو داعش نین، بەڵكو لە دژی چەكدارانی داعش لەریزی هێزەكانی پێشمەرگەشدا هەن".
وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رەتی دەكاتەوە، جگە لە كورد هیچ هاوڵاتیەكی بیانی هاتبێتەوە ریزەكانی پێشمەرگە.هەڵگورد حیكمەت دەڵێ:"ئەوكەسانەی دەبنە پێشمەرگە پێوستە هەڵگری رەگەنامەی عێراقی بن، كورد بن، تەمەنیان لە 18 كەمتر نەبێ و لە29 زیاتر نەبێ هەروەها لەرووی تەندروستی و ناساندنەوە دەبێ ناسنامەی ئاشكرابێت".