واشنتۆن
كۆنگرێسی ئەمریكا تاوتوێ ئەو پڕۆژە بڕیارەی كرد، كە تیایدا پێشنیار كراوە دەسەڵات بدرێتە باراك ئۆبامای سەرۆكی ئەو وڵاتە بۆ دەستەبەركردن و ناردنی تیمی سەربازی بۆ مەشق پێ كردنی ئۆپۆزسیۆنی میانڕەوی سوریا. پاش تاوتوێ كردنی پڕۆژە بڕیارەكەی، كۆنگریس كە زۆرینەی لە كۆماریخوازەكانن بە 273 بەرامبەر 156 دەنگ پڕۆژە بڕیارەكەی پەسەند كرد و تا 11ی كانوونی یەكەم دەسەڵاتی بەخشییە باراك ئۆباما.
پڕۆژە بڕیارەكە پێشنیاری گۆڕانكاری خەرجی بەشێوەیەكی فراوانتر ئاراستەی حكومەت كرد. پێشنیاری گۆڕانكارییەكە كە لە حەوت پەڕە پێكهاتبوو لەلایەن باك ماكۆن سەرۆكی كۆمیتەی خزمەتە چەكدارییەكانی كۆنگریسەوە ئامادەكراوە و تیایدا بۆ رەواندنەوەی نیگەرانی ئەندامانی كۆنگریس لە بەخشینی دەسەڵاتی بێ سنوور بە حكومەتەكەی ئۆباما بۆ هاوكاری كردنی ئۆپۆزسیۆنی سوریا، چەند بڕگەیەكی سنووردار كراوە.
لە پێشنیارەكەدا هاتووە، بەلانی كەمەوە 15 رۆژ پیش دەستپێكردنی مەشق بە ئۆپۆزسیۆنی سوریا، دەبێت چاك هێگڵ وەزیری بەرگری ئەمریكا زانیاری بداتە ئەندامانی كۆنگرێس. هەروەها دەبێت پێنتاگۆن هەموو 90 رۆژێك لە راپۆڕتێكدا دوایین زانیاری لەبارەی كاروچالاكییەكانیان لەسەر هاوكارییەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بداتە ئەندامانی كۆنگریس.
لەو پڕۆژە بریارەدا كە گڵۆپی سەوزی بۆ حكومەتەكەی ئۆباما دانەگیرساوە بۆ ناردنی سەرباز بۆ سوریا، چاوەڕوان دەكرێت لە ئەنجومەنی گشتی پیرانی ئەمریكا بخرێتە دەنگدان.
ئەگەر ئەنجومەنی پیران كە دیموكراتەكان زۆرینەی پێكدەهێنن پڕۆژەكە پەسەند بكات، ئەوا بۆ واژوو كردنی دەخرێتە بەردەم باراك ئۆبامای سەرۆكی ئەمریكا.