قاھیرە
وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا جۆن كیری دۆخی كۆبانێی بە "تراژێدیا" ناو برد.
لە چوارچێوەی بەشداریكردنی لە كۆنفڕانسی "بونیادنانەوەی غەززە" وەزیری دەرەوەی ئەمریكا جۆن كیری لە شاری قاھیرەی پایتەختی میسر روونكردنەوەیەكی بۆ رۆژنامەنووسان دا.
كیری لە قسەكانیدا ئاماژەی بە ھێرشەكان و گەمارۆی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی بۆ سەر كۆبانێ كرد و دۆخی كۆبانێی بە "تراژێدیا" ناو برد.
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا جۆن كیری نیگەرانی خۆی لە مەڕ بارودۆخی كۆبانێ خستەروو و ئاماژەی بە ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش كرد و رایگەیاند بۆ یەكبوونی وڵاتانی بەشدار لەو ھاوپەیمانێتییە كات پێویست دەكات.
كیری روونیشی كردەووە لەگەڵ ئەوەی ژمارەیەكی زۆر لە وڵاتان بەشدارییان لە ھاوپەیمانییەتی دژی رێكخراوی داعش نەكردووە بەڵام ئەمریكا سوورە لەسەر لاواز كردن و لەناوبردنی ئەو رێكخراوە.
ماوەیەكە شەڕو پێكدادان لە نێوان شەڕڤانانی یەكینەی پاراستنی گەل (یەپەگە) و چەكدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی بەردەوامی ھەیە و شاری كۆبانێ زیاتر لە سێ ھەفتەیە كەوتۆتە ژێر گەمارۆی ئەو رێكخراوە.