بەرلین
وەزیری ناوخۆیی ئەڵمانیا تۆماس دی مایزیەرە لە بارهی دەرخستنی پارتی كرێكارانی كوردستان لە نێو لیستی تیرۆری یەکێتی ئەوروپا گوتی: "پەکەکە رێکخراوێکی تیرۆریستییە و ئەمە بۆ ئێمە بەو جۆرە بەردەوام دەبێت."
دی مایزیەرە لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی یەکی ئەڵمانی باسی لە ھێرشەکانی داعش لە سوریا و عێراق بۆ سەر کورد و ئێزیدییەکان و ئەو ئاڵۆزییانەی لە نێو گروپە توندڕەوەکانی ئەڵمانیا و کوردەکاندا روویان داوە کرد. ههروهها لە بهرمبهر گوتەی ھەندێ لە سیاسەتمەدارانی ئەڵمانی کە ئاماژەیان بەوە كردبوو پەکەکە لە دژی داعش شەڕ دەکا بۆیە پێویستە لە نێو لیستی تیرۆر بهێنرێته دهرهوه، ئاماژهی بهوه كرد كه پهكهكه لە توندوتیژییەکانی ئەم دواییەی ئەڵمانیادا رۆلی ھەبووه.
وهزیری ناوخۆی ئهڵمانیا ههروهها گوتی: "لە بواری قەدەغەکردنی پەکەکەدا دەمەوێ ئەوە بڵێم كه بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لە قۆناغی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا دەکەین، بەڵام حاڵی حازر وا دەبینرێ کە قۆناغەکە وەستێنراوە، پەکەکە رێکخراوێکی تیرۆریستییە و ئەمە بۆ ئێمە بەو جۆرە بەردەوام دەبێت، لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەدا بینیمان کە بەشێک لە توندوتیژییەکان لە لایەن لایەنگرانی پەکەکەوە ئهنجامدران و پێویستە ھەموو كهسێك ئهوه بزانێت."
دی مایزیەرە لە بارەی ھێرشەکانی داعش بۆ سەر کۆبانێ گوتی: "چەند گروپ و لایەنێکی کوردی بۆ ئیدانەکردنی ئەو ھێرشانە دەستیان بە خۆپیشاندان کرد، ئێمە رێزمان بۆ خۆپیشاندانی ئاشتییانە ھەیە، بەڵام بە ھیچ شێوەیەک چاوپۆشی لە توندوتیژی و داگیرکردنی شوێنە گشتییەکان ناکەین. ئێمە ھەست بە نیگەرانی کورد و ئێزیدییەکان دەکەین، لە ئەڵمانیا ھەموو کەسێك مافی ئهوهی ههیه ئازادانە خۆپیشاندانی ئاشتی ئەنجام بدات، بەڵام بە ھیچ شێوەیەک چاوپۆشی لە توندوتیژی لە نێو کۆڵانەکان و داگیرکردنی وێستەگانی شەمەندەفەر و نووسینگەکان و مزگەوتەکان ناکەین."